دواى هه‌ولێر لقى بانكى ناوه‌ندى عێراق له‌سلێمانى ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 16/01/2018‌ :: 1010‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكى كوردى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئاشكراى ده‌كات، حكومه‌تى هه‌رێم و بانكى ناوه‌ندى عێراق رێكه‌وتوون، كه‌ له‌مه‌ودوا هه‌رێم پابه‌ندى سه‌رجه‌م رێنمایى و بڕیاره‌كانى بانكى ناوه‌ندى عێراق ده‌بێت، ده‌ڵێت "له‌ئێستادا لقى بانكى ناوه‌ندى عێراق له‌ هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ داوامان كردووه‌ لقى بانكه‌كه‌ له‌ سلێمانیش بكرێته‌وه‌".


ئه‌مین به‌كر، جێگرى سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق بانگهێشتى دانیشتنی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كرا، پارێزگارى بانكى ناوەندی پێڕاگه‌یاندین فشاری دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی، وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتیان لەسەر بووه‌ و هەڕەشەیان کردوە، کە مامەڵە لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراقدا ناکەن، ئەگەر مامەڵە لەگەڵ بانکەکانی هەرێمدا دەستپێنەکاتەوە".

وتیشى "پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى رونیكردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم رێككه‌وتوون كه‌ هه‌رێم پابه‌ندى سه‌رجه‌م بڕیار و رێنماییه‌كانى بانكى ناوه‌ندى ببن".

ئه‌و نوێنه‌ره‌ى كورده‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كه‌ هەردوو بانکی ئه‌ربیل و جیهان بەشداری ده‌كه‌ن لەمەزادی رۆژانه‌ى فرۆشتنی دۆلار و لقی سه‌ره‌كى خۆیان بۆ به‌غدا گواستۆته‌وه‌، ئەمە جگە لە کردنەوەی لقی بانکی ناوەندی عێراقی لە هەولێر.

ئه‌مین به‌كر، راشیگه‌یاند كه‌ داوایان له‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق كردووه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ كردنه‌وه‌ى لقى بانكه‌كه‌یان له‌ سلێمانى، بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان و مووچه‌خۆرانى هه‌رێم سوود له‌ پێشینه‌كانى ئه‌و بانكه‌ وه‌ربگرن.

ئه‌ندامه‌ كورده‌كه‌ى ئه‌نجومه‌ن نوێنه‌ران، باسى له‌وه‌شكرد كه‌ دواى دانیشتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى، لیژنەى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بە پڕۆژە بڕیاریک داوا لە پەرلەمان بکەن، کە دوای جێبەجێکردنی رێوشوێنەکان لەلایەن هەرێمەوە ئەو سزایەی لەسەر هەڵگیرێت و مامەڵەی دارایی لەگەڵ سه‌رجه‌م بانکەکانی هەرێم دەستپێبکاتەوە.

دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ 25ى ئه‌یلولى 2017، له‌سه‌ر راسپارده‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ 28 ى ئه‌یلولى 2017 بانكى ناوه‌ندى مامه‌ڵه‌كانى له‌گه‌ڵ بانكه‌كانى هه‌رێم راگرت، به‌ڵام دواتر له‌ ژێر فشارى بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مامه‌ڵه‌كانى له‌گه‌ڵ بانكه‌كانى هه‌رێم ئاسایى كردۆته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure