ژووری بازرگانی سلێمانی داوایەک ئاڕاستەی تورکیا دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 16/01/2018‌ :: 438‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوادەکات، تورکیا کارگەکانی بهێنێتە هەرێمی کوردستان و تەنھا کار لەسەر ھەناردە نەکات بۆ كوردستان.


سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "كونسوڵی تورکیا لە ھەرێم سەردانی ژوورەکەمانی كرد و گفتوگۆی ره‌وشى بازرگانی و ئابووری کوردستانمان کرد".

ڕاشیگەیاند "كونسوڵی تورکیا پێیڕاگەیاندین، کە بەھەموو شێوەیەک ئاسانکاریی دەکەن بۆ بازرگانانی کوردستان و بۆ بەرەوپێشبردنی رەوشی ئابووری‌ و زیادکردنی رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم‌ و تورکیادا".

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانى، وتیشی "داوامانلێکردن کە وڵاتی تورکیا تەنیا كار لەسەر ھەناردەکردن و بازرگانیکردن نەکات، بەڵکو پێویستە کارگەکانیان بهێننە ھەرێم و وەبەرھێنان بکەن‌ و کارەکانیان لەناو هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەن".

وتیشى "ئامادەین ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ بکەین، لە دانانی کارگەكاندا كه‌ دەبێتەهۆى ره‌خساندنى دەرفه‌تى كاركردن بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان''.

لایخۆشیه‌وه‌، هاكان كاراچه‌ى کونسوڵی تورکیا لە ھەرێم، نیگەرانی خۆی نیشاندا لە هەبوونی گومرکی سەفره‌ لە خواری عێراق كه‌ ئەو بارانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە ناوچەکانی تری عێراق جارێکی تر گومرک دەکرێتەوە، داواشیكرد حکومەتی هەرێم‌ و عێراق ئەو گرفتە چارەسەر بکەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure