له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور توندوتیژى دژ به‌ ژنان بەرێژەی 13% زیادیانكردووه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 16/01/2018‌ :: 176‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌پێی ئاماری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌2017دا له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌زاكانى سه‌یدسادق و شاره‌زوور و پێنجوێن توندوتیژى دژ به‌ ژنان بەرێژەی 13% زیادیانكردووه‌.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ی کانونی دووەمی 2018 له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا لێپرسراوى نوسینگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان ئامارى ئه‌و توندوتیژییانه‌ى بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن خسته‌ڕوو كه‌ له‌ساڵى رابردوودا له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌زاكانى سه‌یدسادق و شاره‌زوور و پێنجوێن ئه‌نجامدراون كه‌ زۆرترینیان حاڵه‌ته‌كانى لێدان بووه‌ له‌ ژنان و حه‌وت ژنیش سوتاون.

له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رائید بورهان ئه‌حمه‌د، به‌رپرسى نوسینگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ژنان له‌ سه‌یدسادق ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، به‌درێژایى ساڵى ڕابردوو له‌و ناوچانه‌ 273 حاڵه‌تى توندوتیژى دژ به‌ ژنان تۆماركراون، به‌جۆرێك حاڵه‌تى لێدان له‌ ژنان 110 حاڵه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كردن 34 حاڵه‌ت تۆماركراون، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى حه‌وت ژن سوتاون كه‌ دوانیان حاڵه‌تى خۆسوتاندن بووه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌راورد به‌ ساڵى 2016 رێژه‌ى توندوتیژییه‌كان دژ به‌ ژنان له‌ سنوره‌كه‌دا به‌ڕێژه‌ى 13% زیادییان كردووه‌، هه‌روه‌ها قه‌زاى  سه‌یدسادق به‌ تۆماركردنى 124 حاڵه‌ت زۆرترین و قه‌زاى پێنجوێنیش به‌ تۆماركردنى 33 حاڵه‌ت كه‌مترین حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى دژ به‌ ژنان تیایاندا تۆماركراون.

هاوكات له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ 55 حاڵه‌ت و له‌ قه‌زاى شاره‌زوریش 61 حاڵه‌تى توندوتیژى دژ به‌ ژنان تۆماركراون.  

لێپرسراوى نوسینگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان ئه‌وه‌شى وت "له‌ساڵى رابردوودا 11 حاڵه‌تى لێسه‌ندنه‌وه‌ى منداڵ له‌ ژنان له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه‌و 11 حاڵه‌تى ده‌ركردنى ژنان له‌ ماڵ له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه‌ تۆماركراون".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure