پارتى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان‌و عێراق بڕیارى كۆتایى ده‌دات

هەواڵ / کوردستانی :: 15/01/2018‌ :: 1125‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
پارتى دیموكراتى كوردستان له‌باره‌ى به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، بڕیارده‌دات به‌ لیستی جیا به‌شداربێت.


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى مه‌كته‌بى سیاسى خۆيدا پارتى بڕیاریداوه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیدارى هه‌رێم، به‌ لیستێكى جیا به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقدا بكات.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، پارتى له‌هه‌ڵبژاردنى خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى كوردستانیش به‌ لیستێكى جیا به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ده‌كات.

عارف ته‌یفور، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى به‌ دواڕۆژى وت "پارتى له‌كه‌ركوك و ناوچه‌كانى تر، هه‌وڵى زۆریدا بۆ ئه‌وه‌ى لیستێكى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى تر پێكبهێندرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لایه‌نه‌كان نه‌هاتنه‌پێشه‌وه‌ و به‌شداریان نه‌كرد".

جگه‌ له‌ پارتى، یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانیش به‌ لیستى سه‌ربه‌خۆ له‌كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كه‌ن، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كیان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ كه‌ركوك پێكهێناوه‌.

بڕیاره‌ له‌ 12ى ئایارى 2018، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure