به‌هۆى پڕۆژه‌ى چاكسازی له‌ مووچه‌ى پله‌تایبه‌ته‌كان "هه‌ڕه‌شه‌ له‌ په‌رله‌مانتاران ده‌كرێت"

هەواڵ / ئابوری :: 15/01/2018‌ :: 764‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكرایده‌كات، هه‌ڕه‌شه‌ و فشارى سه‌ر ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان، به‌هۆى هه‌ردوو پڕۆژه‌ى چاكسازییه‌كه‌ى حكومه‌ت ده‌رباره‌ى موچه‌ى خانه‌شینان و پله‌تایبه‌ته‌كان زیادیكردووه‌.


ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌مى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، ناردنى هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای چاكسازى و رێكخستنه‌وه‌ى كه‌رتى وه‌زیفى گشتى و چاكسازى خانه‌نشینى له‌ رووى تێوریه‌وه‌ باشن، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ بكرێت، ژماره‌یه‌ك رێگرى هاتۆته‌ به‌رده‌م پڕۆژه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ خانه‌نشینى پله‌تایبه‌ته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

وتيشى، "فشار و هه‌ڕه‌شه‌ى رۆژانه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر فراكسیۆنه‌كان و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، به‌جۆرێك ئه‌ندامى په‌رله‌مان هه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى لێكراوه‌، ئه‌گه‌ر چاكسازى و گۆرانكارییه‌كان به‌ دڵى ئه‌وان نه‌بێت، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كانیان.

روونشیكردوه‌، فشارى حزبه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان زیادیكردووه‌، به‌وه‌ى نابێت ده‌ستكارى موچه‌كه‌یان بكرێت و به‌شێك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان خۆشیان له‌ژێر كاریگه‌رى سۆز و عاتیفه‌ ده‌یانه‌وێت پڕۆژه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى كرچ و كاڵ به‌ڕێبكرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، وتیشى "گومانم هه‌یه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردن و یاخود گه‌ره‌نتى نییه‌ ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندیش بكرێت له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت، چونكه‌ ته‌گه‌ره‌ و به‌ربه‌ستى زۆر له‌ به‌رده‌م پڕۆژه‌كه‌دا هه‌ن، ره‌نگه‌ كاردانه‌وه‌ى خراپیشى لێبكه‌وێته‌وه‌".

له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاسای (چاكسازى و رێكخستنه‌وه‌ى كه‌رتى وه‌زیفى گشتى) و (چاكسازى له‌ ده‌رماڵه‌ و موچه‌ى خانه‌نشینى) ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كردووه‌ به‌مه‌به‌ستى په‌سه‌ندكردنى، هه‌فته‌ى رابردووش خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاساكه‌ ئه‌نجامدرا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure