دواڕۆژ وەڵامی حكومەتی هەرێم بۆ داواكارییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی ئاشكرادەكات

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2018‌ :: 1506‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئاشكرایده‌كات، وه‌ڵامی حكومه‌ت بۆ داواكاری حزبه‌كه‌یان نه‌رێنی بووه‌و به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا به‌ یه‌كگرتوویان ڕاگه‌یاندووه‌ ناتوانن له‌ئێستادا داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن.



ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی وه‌ڵامی حكومه‌ت بۆ یه‌كگرتوو به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌، وه‌ڵامی حكومه‌ت بۆ پڕۆژه‌ 24 خاڵییه‌كه‌ی یه‌كگرتوو نه‌رێنی بووه‌و له‌سه‌ر خاڵ به‌خاڵی پڕۆژه‌كه‌ قسه‌یان كردووه‌و ئه‌وان جگه‌ له‌ داواكاری ئازادكردنی خۆپیشانده‌ران و كشانه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ناو شاری سلێمانی، هیچ به‌ڵێنێكیان نه‌دا و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد ناتوانن له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م داواكارییانه‌ جێبه‌جێبكه‌ن".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو، ئاشكراشیكرد، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ وه‌ڵامی یه‌كگرتوو ڕایگه‌یاندووه‌ "ناتوانن له‌و ماوه‌یه‌دا داواكارییه‌ هه‌نوكه‌یی و درێژخانه‌یه‌كان جێبه‌جێبكه‌ن، ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ موچه‌ له‌كاتی خۆی بده‌ن و زه‌وی دابه‌شبكه‌ن و كارتی ئه‌لیكترۆنی بۆ فه‌رمانبه‌ران دروستبكه‌ن و نه‌وتی سپی به‌ خه‌ڵك بده‌ن و حكومه‌تی "ڕاگوزه‌ر" دروستبكه‌ن و كێشه‌ی كاره‌بای هاووڵاتیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

هه‌ڵه‌ده‌نی، ڕوونیشیكرده‌وه‌، له‌وه‌ڵامی یه‌كگرتوو له‌ باره‌ی پرسی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و دروستكردنی فشاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌ستكردن به‌ دانوستاندن شانده‌كه‌ی حكومه‌ت باسیان له‌وه‌كرد كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان داوه‌، به‌ڵام ئه‌نجامی نه‌بووه‌.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ شاندی یه‌كگرتوویان وتووه‌ داهاتی ناوخۆیان مانگانه‌ له‌ (75 بۆ 150) ملیار دیناره‌و، ڕۆژانه‌ش ناتوانن له‌ 200 هه‌زار به‌رمیل زیاتر ڕه‌وانه‌ بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌سته‌مه‌ له‌ ئێستادا بتوانن موچه‌و بژێوی ژیانی خه‌ڵك چاكبكه‌ن.

ناوبراو، باسی له‌وه‌شكرد، كشانه‌وه‌ی یه‌كگرتوو له‌م كابینه‌یه‌دا، پێویست بوو دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر بووایه‌، ئه‌وكاته‌ی كێشه‌ بۆ وه‌زیری كاره‌با، له‌ لایه‌ن وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ دروستده‌كرا، كه‌ پشكی یه‌كگرتوو بوو.

هه‌ڵه‌دنی، ڕاشیگه‌یاند "به‌كشانه‌وه‌ی یه‌كگرتوو له‌حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌م كابینه‌یه‌ هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ به‌وه‌زیره‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵیشه‌وه‌ ده‌كاته‌ 9 وه‌زیر، له‌كاتێكدا ده‌بێ 13 وه‌زیر ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌نگاوه‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی په‌ڕله‌مان، یاخود ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت".

وتیشی "دوو هه‌زار ڕۆژی تر بۆ حكومه‌ت دانێین ناتوانێت داواكارییه‌كان جێبه‌جێبكات، بۆیه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌ردوو بژارده‌ی كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت و مانه‌وه‌ش، به‌ سوود و زیانه‌كانی تاوتوێده‌كات، پاشان بڕیاری له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دات".

ده‌شڵێت "بژارده‌ی كشانه‌وه‌ ماهیه‌ت بۆ یه‌كگرتوو ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و حكومه‌تیش هه‌یبه‌ت و شه‌رعیه‌تی ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیار، هه‌ربۆیه‌ش بژارده‌ی كشانه‌وه‌ باشتره‌ بۆ یه‌كگرتوو".

ڕۆژی 24ی كانونی یه‌كه‌می 2017 یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، مۆڵەتی 20 رۆژی دایە حكومەت، بۆ جێبه‌جێكردنی 24 داواكاری، به‌مه‌به‌ستی مانه‌وه‌ی له‌ نێو كابینه‌ی 8ی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ش ڕێككه‌وتی 15ی كانونی دووه‌م دواین  مۆڵه‌تی ئه‌و حزبه‌یه‌ بۆ حكومه‌ت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure