پێنجشه‌ممه‌ى داهاتوو پرسی كه‌ركوك له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2018‌ :: 215‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرایكرد، فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پرسی كه‌ركوك له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كهه‌ڵوێستن وتیشی، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ئه‌و پرسه‌ له‌دانیشتنی په‌رله‌ماندا ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت.


عه‌ره‌فات كه‌ره‌م، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌له‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌مى 2018 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند  فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان دوێنی سه‌باره‌ت به‌ پرسی كه‌ركوك له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه‌، بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى خۆیاندا و هه‌مووان یه‌كهه‌ڵوێستن.

وتیشى "له‌ پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواركراوی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی نه‌به‌ستراو به‌ هه‌رێمه‌وه‌، پرسی كه‌ركوك ماوه‌ته‌وه‌ بۆ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد "رۆژی پێنجشه‌ممه‌ پێش ده‌ستپێكردنی دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق، سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ی پێش ئه‌وه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌ستپێبكات، رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان پێكهاته‌كاندا بكرێت، سه‌باره‌ت به‌ پرسی كه‌ركوك".

عه‌ره‌فات كه‌ره‌م "بڕگه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت ئاینده‌ی كه‌ركوك ده‌بێت له‌ په‌رله‌ماندا یه‌كلابكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان بڕیارمانداوه‌، ده‌بێت پرسی كه‌ركوك ده‌ستوور یه‌كلایی بكاته‌وه، رازینابین چاره‌نووسی كه‌ركوك له‌ده‌ستی په‌رله‌ماندا بێت‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە