ژمارەیەک کەناڵی هەرێمی کوردستان دادەخرێن

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2018‌ :: 47244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن تاكو هه‌فته‌ی داهاتوو گرێبه‌سته‌كانیان نوێنه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وا داده‌خرێن ‌و ده‌شڵێت "بۆ داخستنی كه‌ناڵه‌كان ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌رگیراوه‌".

محه‌مه‌د گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی هه‌رێم به‌سه‌رجه‌م جۆره‌كانیانه‌وه‌ نزیكه‌ی سێ ملیار دینار قه‌رزداری حكومه‌تن و ئاماده‌نین گرێبه‌ستی ساڵانه‌یان نوێ بكه‌نه‌وه‌و پاره‌كان به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بده‌ن، بۆیه‌ رێككاری یاسایی له‌ دژیان ده‌گرینه‌به‌ر".

وتیشی "هه‌ر كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن له‌ هه‌رێم به‌ رادیۆو كه‌ناڵی ئاسمان و كه‌ناڵه‌ لۆكاڵییه‌كان، ئه‌گه‌ر تا 20ی كانوونی دووه‌م گرێبه‌سته‌كانیان نوێنه‌كه‌نه‌وه‌و پاره‌كه‌ بۆ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ره‌وانه‌ نه‌كه‌ن، ئه‌وا داده‌خرێن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، رونیكرده‌وه‌ بۆ داخستنی كه‌ناڵه‌كان بڕیاری كۆتایی دراوه‌و ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش وه‌رگیراوه‌، ده‌شڵێت "داخستنی هه‌ر كه‌ناڵێك تاكو ئه‌و كاته‌ ده‌بێت كه‌ بڕی پاره‌كه‌ ده‌دات و گرێبه‌سته‌كه‌ نوێده‌كاته‌وه‌".

له‌ هه‌رێمی كوردستان، 270 كه‌ناڵی راگه‌یاندنی بینراو و بیستراو هه‌یه‌ په‌خش ده‌كه‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ 34 كه‌ناڵی ئاسمانی و 93 كه‌ناڵی لۆكاڵی و 143 رادیۆ هه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure