قایمقامیەتی سلێمانی داوایەك ئاڕاستەی دایكان و باوكان دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2018‌ :: 1245‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بەهۆی بڵاوبوونەوە و فرۆشتنی بەمنداڵی خوار ۱۸ ساڵ، لیژنە هاوبەشەكان ئاگاداری دوكان و فرۆشگای بازاڕ و گەڕەكەكان دەكاتەوە، نێرگەلەی كارەبایی بە مێردمنداڵ نەفرۆشن، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانیش رایدەگەیەنێت "هەر شوێنێك سەرپێچی بكات رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".



گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت "لەبازاڕدا جۆرە نێرگەلەیەك بڵاوبۆتەوە كە بەپیل و باتری كاردەكات، دوكاندارانی بازاڕ و گەڕەكەكان بە منداڵی خوار ۱۸ ساڵیان فرۆشتووە، دایكان و باوكان سكاڵایان لای لیژنەكان تۆماركردووە".

وتیشی "نێرگەلە زیانی زۆری بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، بەتایبەت منداڵ كە پێویستە رێگریيان لێبكرێت لە بەكارهێنانی، بۆیە خاوەنی هەر دوكانێك نێرگەلە بە مێردمنداڵ بفرۆشێت، رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".

گۆران قادر، باسی لەوەشکرد "كافتریاكانی نێرگەلە ئاگاداركراونەتەوە رێگری بكەن لەهاتوچۆكردنی منداڵی خوار ۱۸ ساڵ و نابێت نێرگەلەی پێشكەش بكرێت، هەر شوێنێك سەرپێچی لە رێنماییەكانی كاركردن بكات، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی داوا لە دایكان و باوكان دەكات چاودێری منداڵەكانیان بكەن و رێگريیان لێبكەن لە بەكارهێنانی ئەو جۆرە نێرگەلەیە و لە گومانی هەبوونی لە دوكانی گەرِەكەكاندا لیژنە هاوبەشەكانی لێ ئاگاداربكەنەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure