حزبێکی کوردی بەشداری هیچ هەڵبژاردنێكی عێراق ناكات

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2018‌ :: 338‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بزوتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت "بەشداری هیچ هەڵبژاردنێكی عێراق ناكەن، هاوكات داوای هاوپەیمانی سەرجەم هێزە كوردییەكانیش دەكات لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێم".

 
كامیل مەحمود، وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی ئیسلامی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، پاش ڕووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەر، بەغدا بەهەموو شێوەیەك بارودۆخەكەی قۆستوەتەوە و هەوڵی داوە ‌پێگەی كورد لاواز بكات.

وتیشی "حزبەكانی كوردستانیش لەئاستی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا هەڵەكانیان دووبارە كردوەتەوە و لەئاست داخوازییەكانی هاوڵاتیانی كورددا نەبوون".
 
ئاماژەی بەوەشكرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بزوتنەوەی ئیسلامی داواكاری چەند لایەنێكی ڕەتكردوەتەوە كە وەك خۆی وتی "داویانلێكردبووین بە هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەین".

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان پێیانوایە كە دەبێت هەموو لایەنە كوردییەكان یەكگرتوو بن".
 
وتەبێژەكەی بزوتنەوەی ئیسلامی جەختی لەوەشكردەوە، وەك بزوتنەوەی ئیسلامی بڕیارمانداوە كە كەبەشداری هیچ هەڵبژاردنێكی عێراق نەكەین چ بە لیستی سەر بەخۆ یاخوود هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێكدا تا ئەوكاتەی هەموو هێز و لایەنە كوردییەكان بڕیاری هاوپەیمانی گشتگیر دەدەن، چونكە پێمان وایە تەنها هاوپەیمانێتی هەموو هێزە كوردستانیەكان بەتایبەتی لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم دەسەڵاتی ناوەند ملكەچ دەكات كە دەستبەرداری سیاسەتەكانی ئێستای ببێت بە رامبەر بە گەلی كورد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure