حزبی شیوعی: له‌كه‌ركوك ناكشێینه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2018‌ :: 420‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵێك له‌نێو هاوڵاتیانی كه‌ركوك گوایه‌ حزبی شیوعی بڕیاریداوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاری كه‌ركوك به‌جێبهێڵیت، به‌رپرسێكی باڵای ئه‌و حزبه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت "هه‌رگیز بیرمان له‌بڕیاره‌ له‌و شێوه‌یه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌".


ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ناو كه‌ركوك ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ گوایه‌ حزبی شیوعی كوردستان له‌كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا بڕیاریداوه‌ له‌م قۆناغه‌دا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كارمه‌ند و كادیره‌كانی خۆی ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌.

شێخ سدیق به‌رپرسی كۆمیته‌ی حزبی شیوعی له‌كه‌ركوك ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ی كانونی دووه‌م به‌دواڕۆژی وت "ئه‌و قسانه‌ نادروسته‌ و حزبی شیوعی بڕیاری له‌و شێوه‌ی نه‌داوه‌ و هه‌رگیزیش بیری نه‌كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی بڕیارێكی هاوشێوه‌".

جگه‌ له‌پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌رجه‌م حزبه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردووه‌وه‌ له‌كه‌ركوك ماون، دوای تێپه‌ربوونی نزیكه‌ی سێ مانگ به‌سه‌ر رووداوه‌كاندا، هێشتا پارتی بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌داوه‌ بۆ كه‌ركوك.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure