مۆڵه‌ته‌كه‌ى یه‌كگرتوو بۆ حكومه‌ت ته‌واوده‌بێت‌و هێشتا خۆی یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2018‌ :: 374‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
سبه‌ى دووشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌م، دوایین رۆژی  مۆڵه‌تى یه‌كگرتووی ئیسلامییه‌ بۆ حكومه‌ت، به‌ پێى زانیارییه‌كان سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو بۆ دووبه‌ره‌ دابه‌شبوون و زۆرینه‌شیان له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ن، به‌ڵام ده‌نگى پێویست بۆ كشانه‌وه‌ به‌ده‌ستنه‌هاتووه‌.


ڕۆژى 24ى كانونى یه‌كه‌مى 2017 یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، مۆڵەتی 20 رۆژی دایە حكومەت، بۆ جێبه‌جێكردنى 24 داواكارى، به‌مه‌به‌ستى مانه‌وه‌ى له‌ نێو كابینه‌ى 8ى حكومه‌تى هه‌رێم، سبه‌ى دووشه‌ممه‌ش 15ى كانونى دووه‌م، دوایین مۆڵه‌تى ئه‌و حزبه‌یه‌ بۆ حكومه‌ت و تاوه‌كو ئێستاش زۆرێك له‌ داواكارییه‌كانى ئه‌و حزبه‌ جێبه‌جێنه‌كراون.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى ئه‌و حزبه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ باره‌ى پرسى كشانه‌وه‌یان له‌ حكومه‌ت بۆ دووبه‌ره‌ دابه‌شبوون، ئه‌و به‌ره‌یه‌ى له‌ گه‌ڵ كشانه‌وه‌یه‌ ژماره‌یان 20 ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌یه‌، 15 ئه‌ندامه‌كه‌ى ترى سه‌ركردایه‌تى  له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاشكراشیكرد پرسى كشانه‌وه‌یان له‌ حكومه‌ت ئه‌گه‌رێكى لاوازه‌، چونكه‌ به‌ پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ، ده‌بێت زیاتر له‌ 23 ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى ده‌نگى له‌سه‌ربدات، كه‌ ده‌كاته‌ 2 له‌سه‌ر 3ى ئه‌ندامان، ئه‌مه‌ش كارێكى زه‌حمه‌ته‌.

دواڕۆژ، زانیویه‌تى هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ واده‌یه‌ك دانه‌نراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى له‌وباره‌یه‌وه‌، به‌ڵام چه‌ند بژارده‌و پێشنیازێك هه‌ن به‌مه‌به‌ستى ئه‌لته‌رناتیڤ له‌ بڕى كشانه‌وه‌ى ئه‌و حزبه‌ له‌ حكومه‌ت، یه‌كێك له‌و پێشنیازانه‌ هه‌ڵپه‌ساردنى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زیره‌كانى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ حكومه‌ت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵپه‌ساردنى دانیشتنه‌كان وه‌زیره‌كان به‌رده‌وامبن له‌ده‌وامكردن و له‌ڕایكردنى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتیان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، یه‌كگرتووى ئیسلامى فشارى زۆرى ناوخۆیى و هه‌رێمى له‌سه‌ره‌، به‌وه‌ى نه‌كشێته‌وه‌و به‌شێك له‌و سه‌ركردانه‌ پێیانوایه‌ له‌حاڵه‌تى كشانه‌وه‌یان، جگه‌له‌وه‌ى له‌ڕووى ناوخۆیى حزب كاریگه‌رى خراپ به‌جێده‌هێلێت، له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌رێمى كوردستان ڕووبه‌رووى قه‌یرانێكى تر ده‌بێته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو "جارێكی تر سه‌ركردایه‌تى له‌و باره‌یه‌وه‌ كۆدەبێتەوەو وەڵامی حكومەت هەڵدەسەنگێنێت و بڕیارده‌دات له‌ باره‌ى كشانه‌وه‌ یاخود مانه‌وه‌یان".

به‌ وته‌ى ناوبراو، هیچ بڕیارێكى پێشوه‌خته‌ نییه‌ له‌ باره‌ى پرسى كشانه‌وه‌یان، چونكه‌ ئه‌و پرسه‌ پێویستى به‌ بڕیارى سه‌ركردایه‌تى هه‌یه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure