سێ حزب سه‌رۆكێكى نوێ بۆ په‌رله‌مان دیاریده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2018‌ :: 1126‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، ئاشكرایده‌كات له‌رێگه‌ى سازانه‌وه‌ هه‌رسێ لایه‌نى پارتى و یه‌كێتى و یه‌كگرتوو سه‌رۆكێكى نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێرن.

جه‌عفه‌ر ئیمنیكى، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانی كوردستان له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ دواڕۆژ ڕاگه‌یاند "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى یوسف مه‌حه‌مه‌د سه‌رۆكى په‌رله‌مانیان نه‌خستۆته‌ به‌رنامه‌ى كارى په‌رله‌مان، به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى تاوه‌كو ئێستا رێككه‌وتنى سیاسى نه‌كراوه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كان، به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكێكى نوێ، بۆیه‌ ئه‌وانیش نایانه‌وێت جارێكى تر په‌رله‌مان په‌كبخرێت، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان دواخستووه‌ تاوه‌كو یه‌كێك ده‌ستنیشانده‌كرێت".

به‌ وته‌ى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، به‌ سازانى هه‌رسێ لایه‌نى پارتى و یه‌كێتى و یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا سه‌رۆكێكى نوێ بۆ په‌رله‌مان ده‌ستنیشانده‌كرێت.

جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ رێگرییه‌ك له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ كرابێت بۆ په‌سه‌ندكردنى هه‌ردوو یاساى چاكساى حكومه‌ت له‌باره‌ى خانه‌نشینى، ده‌ڵێت "دانیشتى داهاتووى په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ ده‌كرێت، به‌پێى پڕۆژه‌یاساكه‌ 80 بۆ 100 ملیار دینار بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و كۆمسیۆن كۆده‌بنه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى دیاریكردنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، چونكه‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ هۆكارێكه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌به‌شێكى قه‌یرانه‌كان و جگه‌ له‌وه‌ش پشتگیرییه‌كى سیاسى و نێوده‌وڵه‌تى بۆ حكومه‌ت زیاتر ده‌كات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure