یه‌كگرتوو به‌ لیستى سه‌ربه‌خۆ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2018‌ :: 538‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
یه‌كگرتووى ئیسلامى بڕیاریدا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ لیستى سه‌ربه‌خۆ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات.


هادی عه‌لی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ى كانونى دووه‌مى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، یه‌كگرتووى ئیسلامى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ لیستێكى جیا به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى به‌شداریكردنى هێزه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم به‌یه‌ك لیستى هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بوو.

ناوبراو، ره‌تیكرده‌وه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتى بچێته‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی "یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ بژارده‌ى لیستی هاوبه‌ش بوو بۆ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، به‌ڵام كه‌ ئه‌م بژارده‌یه‌ ئه‌نجامی نه‌بوو، یه‌كگرتووش بڕیاریدا به‌ لیستێكى سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكات".

بۆ به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، لایه‌نه‌ سیایه‌كانى كورد دوو هاوپه‌یمانێتیان پێكهێناوه‌، كه‌ یه‌كێكیان پارتى و یه‌كێتى و ژماره‌یه‌ك له‌لایه‌نه‌كانى دیكه‌ له‌خۆده‌گرێت و ئه‌وى تریش لایه‌نه‌كانى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى پێكیانهێناوه‌.

هادى عه‌لى وتیشى "داواكارى دروستكردنى هاوپه‌یمانیه‌تى هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان خرایه‌ به‌رده‌م یه‌كگرتوو، به‌ڵام بژارده‌كان وه‌كو پێویست نه‌بوون و هێزه‌كان به‌شێوه‌ى جه‌مسه‌رى و په‌رته‌وازه‌یى ئه‌و كاره‌یان كرد، بۆیه‌ یه‌كگرتووش بژارده‌ى لیستى سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژارد".

وابڕیاره‌ له‌ناوه‌ڕاستى مانگى ئایارى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure