عێراق له‌و ناوچانه‌ی به‌ده‌ست هه‌رێمه‌وه‌ بوون كارێكی نوێ ئه‌نجامده‌دات

هەواڵ / عێراق :: 14/01/2018‌ :: 159‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
حكومه‌تى عێراقى له‌و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌رانه‌ی كه‌ بۆشایى ئیدارى تێیاندا دروستبووه‌ ئه‌نجومه‌نى قه‌زا و ناحیه‌ دروستده‌كات، یه‌كێك له‌وانه‌ى بۆ پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن خۆى كاندیدكردووه‌ چه‌ند زانیارییه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات.


عه‌لى ره‌مه‌زان، كاندید بۆ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى مه‌خموور به‌ دواڕۆژى وت "له‌ دواى ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى كه‌ركوك دروستبوو و پێشمه‌رگه‌ هه‌ندێك شوێنى  له‌ سنورى ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی چۆڵكردو هێزه‌كانى عێراقى هاتنه‌ شوێنه‌كانیان ماوه‌ى نزیكه‌ى سێ مانگه‌ بۆشاییه‌كى ئیدارى ته‌واو له‌و ناوچانه‌ دروستبووه‌".

وتیشى "تائێستا قایمقامى مه‌خموور نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ى و زۆربه‌ى كاره‌كانى داموده‌زگاكانى حكومه‌ت وه‌ستاوه‌".

باسی له‌وه‌شكرد نزیكه‌ى 12 ساڵه‌ قه‌زاى مه‌خموور و شێخان بێ ئه‌نجومه‌نى قه‌زان، هه‌ربۆیه‌ له‌ ماوه‌كانى رابردوو وه‌ك خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌ داوامان له‌ حكومه‌تى عێراقى كرد كه‌ ئه‌نجومه‌نى قه‌زا و ناحییه‌كان له‌ناو ناوچانه‌ى بۆشایى ئیداریان هه‌یه‌ دروست بكرێت.

عه‌لى ره‌مه‌زان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌فته‌ى رابردوو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق به‌ نوسراوى ره‌سمى وه‌ڵامى داواكارییه‌كه‌ى داونه‌ته‌وه‌و ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر دروستكردنى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى مه‌خموور.

ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌پێى یاسایى بریمه‌ر ده‌بێت هه‌موو قه‌زاو ناحیه‌كانى سه‌ر به‌ حكومه‌تى عێراقى ئه‌نجومه‌نیان هه‌بێت، به‌ڵام ماوه‌ى 12 ساڵه‌ هه‌ردوو قه‌زاى مه‌خموورو شێخان و ژماره‌یه‌ك ناحیه‌ش له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بێبه‌شكراون.

عه‌لى ره‌مه‌زان، ئاشكراشیكرد، له‌و هه‌فته‌یه‌ شاندێكى قه‌زاى مه‌خموور كه‌ پێكدێن له‌ لایه‌نه‌كانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵى ئیسلامى سه‌ردانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى عێراقى و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كه‌ن، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى چۆنیه‌تى پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌.

روونیشیكردوه‌، بۆ هه‌مان مه‌به‌ست پێشتر داوا له‌پارتى و حزبى شیوعى و یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى كوردستان كرا بێنه‌ ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، به‌ڵام هه‌رسێ لایه‌ن ره‌تیانكرده‌وه‌ به‌شدارى بكه‌ن، به‌تایبه‌ت پارتى پێیوایه‌ مه‌خموور داگیركراوه‌، بۆیه‌ نایه‌ته‌ ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌. 

ئه‌و كاندیده‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى مه‌خموور ده‌ڵێت "پێش چه‌ند رۆژێك به‌ نوسراوێك ناوى سه‌رۆك و 20 ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاكه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌زره‌تى ناوخۆى عێراق و بڕیاریشوایه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌ شاندێك له‌قه‌زاى مه‌خمور بۆ هه‌مان پرس بچێته‌ به‌غدا.

 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure