سلێمانی: ھەموو جۆرە مۆبایلێک ٩٠ دۆلار نرخەکەی بەرزبووەتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 15/01/2018‌ :: 1984‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
لەبازاڕەکانی کوردستاندا، لەماوەی یەک مانگدا، نرخى هه‌رمۆبایلێکی ھۆشمەند نزیكه‌ى  ٩٠ دۆلار بەرزبۆتەوە بازرگانانی ئەو ئامێرانەش، ڕایدەگەیەنن ھۆکارە گرانبوونه‌کە وه‌ستانى گه‌شتى راسته‌خۆى فڕۆکەخانە و زیادبوونی گومرگە.

ڕێبین عبدلرەحمان، بەڕێوەبەری فرۆش لە کۆمپانیای ئەسێ بۆ بازرگانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تایبەت بۆ دواڕۆژ وتی "لەئێستادا مۆبایل لەبازاڕەکاندا کەمبۆتەووە و هاورده‌كردنى قورس بووە، جاران دەمانتوانی بەئاسانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەوە ئامێرەکان بێنین، بەڵام ئێستا نییە و گومرگیش لە بەغداوە به‌رێژه‌ى 17% زیادیکردووە و ڕێگەی ئاویشی نه‌ماوه‌".

وتیشی "مانگێک لەمەوبەر نرخى مۆبایلێکی ئایفۆنی ٨ بە ٨٢٠ دۆلاربوو، به‌ڵام ئێستا بە٨٩٠ دۆلارە، مۆبایلی ئایفۆنی ئێکس، کە بە ١١٠٠ دۆلاربوو، ئێستا بە ١٢٢٠ دۆلاره‌، گالاکسی نۆت ھەشت، بە ٧٣٠ دۆلاربوو، ئێستا بە ٨٣٠ دۆلارە، کە بۆ ھەر مۆبایلێکی زیاتر له‌ ٩٠ دۆلار چۆتە سەر نرخەکەی".

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریەی لەنرخدا ڕویداوە بەردەوامیش خواست لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان زۆرە و داواکاری لەزیادبوندایە.

بەڕێوەبەری فرۆشی ئەو کۆمپانیایە دەشڵێت "لەئێستادا ئێمە ڕێگەی ھێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانمان گۆڕیوە بۆ ڕێگەی ئاوی بۆ بەندەر عەباس و  لەباشماخەوە دەیھێنینە کوردستان و به‌ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەگاتە دەستمان".

ئەوەشی ڕوونکردەوە، لەئێستادا نرخی مۆبایل لە بەغداش زۆر گرانبووە، بەھۆی زیادبوونى گومرگ و ھەندێک جار لێرەوە دەڕوات بۆ ئەوێ، کە پێشتر ئێمە لەوێوە  بەھەرزانتر دەستمان دەکەوت.

لەئێستادا ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە مۆبایلە ھۆشمەندەکان دەدەن و خواستیان زۆرلەسەرە لەگەڵ کەوتنە بازاڕی ھەر مۆدێلێکی نوێدا لێرەش داواکاری لەسەری  زیاد دەبێت.

بەھۆی بەردەوامی پێشکەوتن لەئامێرە ئەلکترۆنیەکان گۆڕانکاری خێرا له‌ دیزان و تایبه‌تمه‌ندى، خواست لەسەر ئەو ئامێرانە زۆرە و لەلایەن بەکارھێنەرانەوە داوادەکرێن. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure