شاندى هه‌رێم له‌ به‌غدا راگه‌یاندراوێك بڵاودەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 13/01/2018‌ :: 11612‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
شاندى هه‌رێم له‌ به‌غدا لەراگه‌یاندراوێكدا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فرۆكه‌خانه‌و به‌نداوه‌كان به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق كردۆته‌وه‌.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13ى كانوونى دووه‌مى 2018، شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێم كه‌ریم سنجارى له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌لئه‌عره‌جى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق كۆبوونه‌وه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، شانده‌كه‌ى هه‌رێم لەراگه‌یاندراوێكدا جارێكى دیكه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى به‌نداو و فرۆكه‌خانه‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق كردۆته‌وه‌.

 ده‌قى راگه‌یاندراوه‌كه‌:
به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى فه‌رمانى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ژماره‌(137) ساڵى 2017 كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادى لێژنه‌یه‌كى باڵاى به‌و فه‌رمانه‌ دروستكرد بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هونه‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان تایبه‌ت به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان وه‌ به‌ڕێوه‌بردنى به‌نداوه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ر له‌به‌یانى رۆژى شه‌ممه‌ رێككه‌وتى 13/01/2018، وه‌فدێك له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى به‌ڕێز كه‌ریم سنجارى (وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێم) سه‌ردانى به‌غداى كرد.

به‌ڕێز قاسم ئه‌لئه‌عره‌جى، وه‌زیرى ناوخۆى عێراق، له‌كه‌شێكى دۆستانه‌دا سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گرنگى كرد له‌نێوان شاندى هه‌رێم و لێژنه‌ى باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، له‌سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیرى ناوخۆ ته‌ئكیدى كرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگى به‌ستنى ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ و وه‌ به‌خێرهاتنى شاندى هه‌رێمى كوردستانى كرد و سڵاوى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى به‌شاندى هه‌رێم راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ دووباره‌كردنه‌وه‌ى گرنگى تاوتوێكردنى ئه‌و كێشانه‌ كه‌ له‌بوارى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و گومرگ و فڕۆكه‌خانه‌كان، وه‌ به‌ڕێوه‌بردنى به‌نداوه‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و یاسا فیدڕالییه‌كان.

هه‌روه‌ها پێداگرتنى به‌ڕێز سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م دۆسیانه‌ و گێڕانه‌وه‌ى چالاكییه‌كان بۆ ئه‌و داموده‌زگا و دامه‌زراوانه‌.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز كه‌ریم سنجارى سوپاس و پێزانینى خۆى پێڕاگه‌یاندن بۆ ئه‌و ده‌ستپێِشخه‌ریه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ چارسه‌ره‌كردنى ئه‌و دۆسیه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوانه‌و به‌و شێوه‌ى كه‌ خزمه‌تى ته‌واوى عێراق بكات و چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشانه‌ بكات كه‌ روویداوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure