بەغدا سزایەکی دارایی سەر هەرێمی کوردستان هەڵدەگرێت

هەواڵ / ئابوری :: 13/01/2018‌ :: 19649‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
حکومەتی عێراق بڕیاری تایبه‌ت به‌ ڕاگرتنی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ دارایی بانكە‌ عێراقییه‌كان، له‌گه‌ڵ بانكه‌ بازرگانی‌ و حكومییەکانی هەرێمی کوردستان راگرتووە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت" ئێستا مامەڵەکردن ئاساییە و هەوڵدەدەین سزاکانی دوای ریفراندۆم لابدەین".

مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بە دواڕۆژی راگەیاند "دوای ریفراندۆم لەلایەن حکومەتی عێراق، ژمارەیەک سزا بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپینران، یەکێک لەو بڕیارانه‌ راگرتنی مامەڵە داراییەکان بوون لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە بەغدا رێگای بە بانکەکان گرت کە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن".

وتیشی "دوای ئەوەی بەغدا ویستی بەدەستیهێنا ئێستا خەریکە یەک بەیەک سزاکان لادەدات و یەکێکیش لەوانە مامه‌ڵه‌ی‌ دارایی نێوان بانكه‌كانی‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ بانكه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستانە و له‌چه‌ند بوارێكدا ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌ و ئاسایی بۆته‌وه‌".

رونیشکردەوە "لە رێگه‌ی پەرلەمان و شاند و سەردانیکردنەوە و هەوڵدەدەین کە سەرجەم سزاکان لابدەین".

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم وەک کاردانەوەیەک دژی هەنگاوی تاکلایەنەی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی هێرشی کردە سەر ناوچە دابرێنراوەکان و کەركوک و شنگال و مەخمور کە دەستی بەسەرداگرت، ژمارەیەک سزای ئابوری و پەیوەندی خستە سەر هەرێمی کوردستان. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure