چەند پێشنیارێک دەدرێتە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم

هەواڵ / کوردستان :: 13/01/2018‌ :: 340‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
ژماره‌یه‌ك رێكخراوى ناحكومى چه‌ند پێشنیارێك راده‌ستى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم ده‌كه‌ن و سه‌رۆكى رێكخراوێكیش ده‌ڵێت، پێشنیاره‌كان به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى خروقات و به‌ پاكى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌.

 
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فریاكه‌وتنى میللى (پاو)، كه‌ یه‌كێك له‌ كاره‌كانى رێكخراوه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ چاودێرى هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ دواڕۆژ وتى، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی گونجاو و تاڕادەیەک بەرزی بێ خروقات و کێشە لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی تری بیانی و ناوخۆ ژمارەیەک پێشنیار و راسپاردەمان داوەتە کۆمسیۆن.

وتیشى، "داوامانکردووە لەبری هەموار یان پاککردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران تۆمارێکی نوێ دروستبکرێت، بەجۆرێک ئاگاداری بڵاوبکرێتەوە ئەوەی سەرجەم  پێداویستی خۆی هێنا و ئامادەبوو ناوی خۆی تۆماربکات ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتوو مافی دەنگدانی هەیە ئەگەرنا ناتوانێت دەنگبدات، بەوەش تۆمارێکی نوێ واقیعی دەستدەکەوێت".

رونیشکردەوە، ئەگەر لە کوردستان سێ ملیۆن دەنگدەر هەبێت یان مافی دەنگدانی هەیە، بەڵام تەنیا دوو ملیۆن کەس خۆی تۆماردەکات ئەوا تەنیا ئەو دوو ملیۆنە بۆیان هەبێت دەنگ بدەن.

هۆگر چه‌تۆ هێمای بۆ ئەوەشکرد، پێشنیارمانکردوە لەکاتی فەرزکردنی دەنگەکان پشت بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەغدا ببەسترێت، کە بە ماوەیەکی کەم لەکاتی فەرزکردنی دەنگەکان هەژماری ده‌نگ ده‌كات و بوارى سندوق گۆڕین و دەستکاریکردنی فۆرمی دەنگدان نادات.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە پێشنیارەکانی تر بریتی بوو لە ئاڵوگۆڕی لەناکاوی کارمەندان و بەڕێوەبەرانی کۆمسیۆن لە بنکە و وێستگەکان چەند سەعات جارێک بۆ ئەوەی بوارى رەخساندنی هەلی تەزویر نەبێت، هەروەها دیاریکردنی کاتی کۆتایی هاتنی دەنگدان بەبێ درێژکردنەوەی هیچ کاتژمێرێک.

لەبارەی دەنگدانی هێزە ئەمنیەکانەوە، سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌ رونیشكردەوە، "داوامانکردوە بنکەی دەنگدان لە رۆژی دەنگدان تەنیا بۆ ئەوانە بکرێتەوە کە دەوامیان هەیە و تەواو ئەوانی تر وەک هاوڵاتی دەنگبدەن نەک وەک هێزی ئەمنی، چونکە له‌ هەڵبژاردنەکانی پێشو كه‌سى واهەبووە زیاتر لە پێنج جار دەنگیداوە". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure