عێراق؛ 3 ملیۆن و 200 هه‌زار ئاواره‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان

هەواڵ / عێراق :: 13/01/2018‌ :: 160‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی ئاشكرایده‌كات، ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق گەڕاونەتەوە شوێنه‌كانی خۆیان، ڕێژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ش به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ وه‌سف ده‌كات.


له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی ( IOM)، كه‌ كۆپییه‌كی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، ئاشكرایده‌كات،  ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق گەڕاونەتەوە شوێنه‌كانی خۆیان، ڕێژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانیش به‌م شێوازه‌  له‌ساڵی 2013 ەوە به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێستا زیاترە لە ژمارەی ئاوارەبوون له‌م وڵاته‌.

 

به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ ئه‌و ئاوارانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناوچه‌كانیان له‌ 38%یان خه‌ڵكی ئه‌نبارن، 30% خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان، له‌  14% خه‌ڵكی سه‌لاحه‌دینن،  له‌ 18% كه‌ی تر خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دیكەی عێراقن.

كۆچی نێوده‌وڵه‌تی، ڕاشیگه‌یاندووه‌ "هێشتا دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسی تر له‌ عێراقییه‌كان ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان ".

به‌پێی به‌یاننامه‌كه ‌بێت، هێشتا ئاواره‌كان له‌عێراق بەربەستی زۆریان له‌به‌رده‌مدایە بۆ گەڕانەوەیان، چونكه‌ به‌شێكی زۆریان موڵك و ماڵیان زیانی بەرکەوتووە یان بەتەواوی خاپوور بوون، جگه‌ له‌وه‌ی گرفتی دارایی و ئه‌منیشیان هه‌یه‌.

رۆژی 11ی کانونی دووەمی 2018 سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ٥٠%ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە ناوچە ئازادکراوەکانیان و هەوڵەکانی حکومەتیش بۆ دابینکردنی ئارامی لەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدا ئازادکراون بەردەوامه‌.

 

رونیشیانکردۆتەوە کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێداگری لەسەر مسۆگەرکردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانی لەو ناوچانە کردۆتەوە و رێنمایی داوە کە پێویستە خێزانە ئاوارەکان سەرپشک بکرێن لەبەردەم گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان و نابێت زۆریان لێبکرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure