شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ داهاتی ساڵی رابردووی سنوورەکەیان ئاشکرادەکات

هەواڵ / ئابوری :: 13/01/2018‌ :: 195‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد، داهاتی ساڵى ڕابردوو له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕى 100 ملیۆن و 500 هه‌زار دینار بووە، له‌كاتێكدا بڕى خه‌رجییه‌كانیان یه‌ك ملیار و 85 ملیۆن دیناربووه‌و چه‌ندین پرۆژه‌ى گرنگیشیان ڕاگیراوه‌.


حه‌سه‌ن ڕه‌شید، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، له‌ سنورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، خورماڵ، سیروان، بیاره‌، ته‌وێڵه‌ و به‌مۆ ده‌گرێته‌وه‌، له‌ساڵى ڕابردوودا كۆی گشتى خه‌رجییه‌كانمان بریتبوون له‌بڕی یه‌ك ملیارو 825 ملیۆن 733 هه‌زار دینار، له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش بڕى 149 ملیۆن دیناری بۆ خزمه‌تگوزارى شاره‌وانیه‌كان و ئیداره‌كان خه‌رجكراوه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ر خه‌رجیه‌كانماندا بڕى 100 ملیۆن و 505 هه‌زار دینار داهاتمان هه‌بووه‌ ".

وتیشی "له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ى گرنگ و ستراتیژمان ڕاگیراون به‌جۆرێك له‌ناحیه‌ی سیروان به‌بڕى پێنج ملیار دینار سێ پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارمان ڕاگیراوه‌،جگە لەمەش چەندین پڕۆژەی گرنگی دیکە لە سنوورەکەمان راگیراوە".

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژەی بەوەشدا، ڕاگرتنى ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ هۆكاره‌كه‌ى بۆ نه‌بوونى بودجه‌و به‌رده‌وامى قه‌یرانى دارایى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ قه‌یرانی دارایی له‌ ساڵى ڕابردووشدا به‌رده‌وامى هه‌بوو به‌ڵام به‌ گوێره‌ى تواناى خۆیان له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شاره‌وانیه‌كانی (هه‌ڵه‌بجه‌ ، خورماڵ ، ته‌وێڵه‌ و بیاره‌ ، سیروان ، به‌مۆ) كه‌ سه‌ربه‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ن كارووباره‌كانیان جێبه‌جێكردووه‌.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure