پارساڵ زیاتر له‌ملیۆنێک هاووڵاتی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی پێشمەرگەیان كردوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2018‌ :: 321‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ساڵی 2017دا یه‌ك ملیۆن و 213 هه‌زار نه‌خۆش سه‌ردانی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانى پزیشكی سه‌ر به‌ دەزگاکەیان كردووه‌ و ئەوه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، رێژه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ ساڵی رابردوودا یه‌ك ملیۆن و ٢١٣ هەزار نه‌خۆش سه‌ردانی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانى سەر بەو دەزگایه‌یان كردووه‌ و چارەسەری ته‌ندروستییان بۆ كراوه‌.

بەپێی ئاماره‌كه‌ ژمارەى ئەو کەسانەى كه‌ گومانى توشبونیان بە نەخۆشییەکانى شێرپەنجە  هه‌بووه‌ و ڕەوانەى سەنتەرەكان كراون و پشکنینیان بۆ ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌مساڵ  بە ڕێژەى لە 10% زیادی كردووه‌ كه‌ لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٢٥ هەزار و ٥٠٠ نەخۆش به‌مه‌به‌ستی پشكنین و چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كانیان كردووه‌.

له‌به‌شێكی تری ئاماره‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ دوو ساڵی رابردوودا نەخۆشی لیشمانیا لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بڵاو ببووه‌وه‌، دوو هه‌زار و١٠٠ پێشمەرگە چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه‌.

دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ١٤ نەخۆشخانە و سەنتەری پزیشکی لەخۆدەگرێت و سەر بە وەزارەتى پێشمەرگەیە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure