دۆسیەی ئەمنی كەركوك بەفەڕمی رادەستی هێزێكی ئەمنی كرا

هەواڵ / کوردستان :: 11/01/2018‌ :: 1030‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
حكومەتی عێراق بڕیاریدا دۆسیەی ئەمنی پارێزگای كەركوك بەتەواوەتی رادەستی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی بكات و پارێزگای نەینەواش بخاتە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق، بۆ ئەو مەبەستە ش فیرقەی 20ی سوپا كە فەرماندەكەی كوردە لەكەركوكەوە دەگوازرێتەوە بۆ موسڵ.


عەمید روكن شێرزاد كافرۆشی، فەرماندەی فیرقەی 20ی سوپای عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی كانونی دووەم بە دواڕۆژی وت "ئەو گۆڕانكارییانەی لەهێزە سەربازییەكاندا دەكرێت هۆكارەكەی دروستكردنی یەك فەرماندەییە بۆ هەر پارێزگایەك كە سەرپەرشتی مەلەفی ئەمنی بكات".

لەدوای 16ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، مەلەفی ئەمنی سەنتەری شاری كەركوك خراوەتە ژێر دەسەڵاتی فیرقەی دووی دەزگای دژەتیرۆر و هاوكات فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكیش پێكهێنراوە.

وتیشی "بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردراوە فیرقەی 5ی پۆلیسی فیدراڵی رەوانەی كەركوك بكرێت تاوەكو مەلەفی ئەمنی شارەكە وەربگرێت، لەبەرامبەریشدا مەلەفی ئەمنی شاری موسڵ رادەستی سوپا دەكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش فیرقەی 20 و 16 و 15 رەوانەی پارێزگاكە دەكرێن".

ئەو فەرماندە كوردە ئەو هەواڵانەشی رەتكردەوە كە باس لەجوڵاندنی هێزە عێراقییەكان دەكەن بۆ سنوری ناحیەی قەرەهەنجیر و وتی "تەواوی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی فیرقەكەی ئێمەدا بووە رادەستی پۆلیسی فیدراڵی دەكرێت و لەوە زیاتریش جموجۆڵ ناكرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure