فراکسیۆنی یەکێتی نامەیەک ئاڕاستەی عەبادی دەکات

هەواڵ / کوردستانی :: 11/01/2018‌ :: 664‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگەی کەرکوک
فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق نامەیەک ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دەکات و رایدەگەیەنن "دەبێت لە نزیکترین کاتدا سەرۆک وەزیران بەدواداچوون بکات بۆ ئەو سیاسەتی تەعریبیەی  لە کەرکوک بەناوی حەشدی شەعبی دەستیپێکردووە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانونی دووەمی 2018، پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کە ھەردوو پەرلەمانتار محەمەد عوسمان و رێبوار تەھا سەرپەرشتیان دەکرد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نامەیەکی پێنج خاڵییان ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.

لە نامەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو "دەبێت عەبادی بەزووترین کات لیژنەیەکی بەدواداچوون پێکبھێنێت بۆ ئەو تەعریبەی دەستیپێکردووە لە سنوری قەزای داقوق و دبس و ناحیەکانی سەرگەڕان و لەیلان کە زەوی کورد داگیر دەکرێت".

ھەروەھا لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "ھەڵمەتی دوورخستنەوەی بەرپرسە کوردەکان لە فەرمانگە حکومییەکانی کەرکوک لەژێر ناوی حەشدی شەعبی دەستیپێکردووە، بە تایبەت لە پۆستی قایمقامەکانی کەرکوک و داقوق و دووزخورماتوو ھەروەھا پۆستی بەرێوەبەرەکانی تەندروستی کەرکوک و فەرمانگەی خۆراک، ئەمەش کاری ھەڕەمەکی ئیداری نیشان دەدات".

لە کۆتا بەشی نامەکەدا فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە ئاڕاستەی عەبادی کردوە داوا دەکات سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پابەندی دەستوور بێت و کار بۆ دروستکردنی ئیدارەیەکی ھاوبەش بکات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure