ساڵی رابردوو پێشێلكاری به‌رامبه‌ر 230 رۆژنامەنوس و دەزگاى راگەیاندن کراوە

هەواڵ / کوردستانی :: 11/01/2018‌ :: 200‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
لیژنەى داکۆکى لەمافى رۆژنامەنوسان دوایین راپۆرتى خۆى سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان لەساڵى ٢٠١٧ بلاوکردەوە و بەپێى ئامارەکە نزیکەى سێ هێندەى ساڵى ٢٠١٦ پێشێلکارییەکان زیادیانکردووە.


خۆشناو جەمیل، ئەندامى لیژنەى داکۆکى لە مافى رۆژنامەنوسان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ى كانونى دووه‌مى 2018 لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کێشە و ململانێ سیاسییەکان کاریگەرى هەبووە لەسەر زیاتربوونى پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، هەروەها لەساڵى ٢٠١٧ بەداخەوە یاساى ژمارە ٣٥ وەکو خۆى جێبەجێنەکراوە و پێشێلکارى زۆر بەرامبەر به‌ بە رۆژنامەنوسان كراوه‌.

لەبارەى ئامارى پێشێلکارییەکان وتى "ئاماره‌كه‌ لە ٢٠١٧/١/١  تاوەکو ٢٠١٧/١٢/٣١ تۆماركراون، كه‌ سێ حالەتى تیرۆر بەرامبەر چوار رۆژنامەنوس تۆمارکراوە، خۆکوشتنیش یه‌ك حاڵەت بووە، شەهیدبوون دوو حاڵەت و داخستن پێنج حاڵەت بەرامبەر ١٣ دەزگاى راگەیاندن، گرتن ٢٠ حاڵەت بەرامبەر ٣٠ رۆژنامەنوس کراوە.

رونیشیكرده‌وه‌ هەروەها برینداربوون پێنج حاڵەت بەرامبەر بە پێنج رۆژنامەنووس، لێدان ٢٥ حاڵەت بەرامبەر ٣٩ رۆژنامەنوس، رێگەنەدان ٢٤ حاڵەت بەرامبەر ١١١ رۆژنامه‌نوس، هەڕەشە ١٥ حاڵەت بەرامبەر ١٨ رۆژنامەنوس، سوتاندن بەرامبەر دوو کەناڵ، تالانکردنیش پێنج حاڵەت بەرامبەر پێنج دەزگا.

باسى لەوەشکرد، کۆى گشتى پێشێلکارییەکان ١٣٧ حاڵەت بەرامبەر ٢٣٠ رۆژنامەنوسان و دەزگاى راگەیاندن تۆمارکراون و بەبەراورد بە ٢٠١٦ كه ٤٥ حاڵەت بەرامبەر به‌ ٨٠ رۆژنامەنوس کراوە پێشێلكارییه‌كان زیادیانكردووه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure