ئەڵمانیا؛ پارە بەو كۆچبەرانە دەدرێت كە ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە هەرێم

هەواڵ / کوردستان :: 10/01/2018‌ :: 1152‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم راده‌گه‌یه‌نێت، له‌لایه‌ن دوو رێكخراوى ئه‌ڵمانییەوە پاره‌ به‌و هاوڵاتییه‌ كوردانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌درێت، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان.


شاكر یاسین، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى وت " دوێنى سێشه‌ممه‌ 9ى كانونى دووه‌مى 2018، لە لایەن سەنتەری راهێنان و تەکنولۆژیای ئەوروپی (ETTC) به‌ هەماهەنگی نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانان و کاروباری کۆمەڵایەتی هه‌رێم و مافی مرۆڤ و رێکخراوی (micado) و (GIZ)ی ئەڵمانی له‌ هه‌ولێر یەکەم هەنگاومان نا بۆ دانانی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ یارمەتی دانی ئەو ئاوارانەی کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە وڵاتی ئەلمانیا بگەڕێنەوە کوردستان ".

وتیشى " ئەو پڕۆژەیە تا ساڵی (2020) بەردەوامدەبێت و ئامادەکاریکراوە بۆ یارمەتی دانی (500) کەس، کە ئارەزوی هەبێت لە رێگەی ئەم پڕۆژەیە بگەڕێتەوە کوردستان و پاره‌كه‌ش له‌لایه‌ن هه‌ردوو رێکخراوی (micado) و (GIZ)ی ئەڵمانییه‌وه‌ دابەش دەکرێت".

له‌باره‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى به‌ هاوڵاتیانى هه‌رێمى دانیشتوى ئه‌ڵمانیا ده‌درێت، ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم، روونیکردەوە "تا 1000 یۆرۆ به‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌درێـت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێم  ".

به‌رپرسى كۆچ و كۆچبه‌رانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا كه‌ وردەکارییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە داهاتوودا دەخرێنه‌ڕوو، بڕیاره‌ كارى جددیش بكرێت بۆئەوەی وا لە وڵاتانی ترى یه‌كێتى ئەوروپا بکەن هاوشێوەی ئەڵمانیا یارمەتی ئاوارە کوردەکانی نیشتەجێی وڵاتانی خۆیان بدەن بە تایبەت ئەوانەی ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە بۆ هەرێم.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure