تائێستا ئێران سنوری كۆڵبەرانی نەكردوەتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2018‌ :: 313‌ جار بینراوە

تاگ :: بازرگانی

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 
دوای كردنەوەی مەرزە سنورییەكان، چاوەڕوان دەكرا سنورە كۆڵبەرییەكانیش بكرێنەوە، بەڵام تائێستا ڕێڕەوە رەسمییەکانی كۆڵبەران بە داخراوی ماونەتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆڵبەرانیش دەڵێت "بە نیازین گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی ئەنجامبدەین". 


فەرهاد خوسرەوی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆڵبەران لە سنوری نێوان حاجی ئۆمەران و پیرانشار، بەدواڕۆژی راگەیاند "دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر كردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، تائێستا سنوری رەسمی كۆڵبەران نەكراوەتەوە و هەر بە داخراوی ماوەتەوە و تائێستاش دیار نییە ئێران كەی سنورەكە دەكاتەوە". 

وتیشی "بەشی هەرە زۆری ئەوانەی كاری كۆڵبەری دەكەن خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن، بۆیە ئێستا كۆڵبەرانی دیوی ڕۆژهەڵات بە نیازن لەشاری پیرانشار گردبوونەوەیەك ئەنجامبدەن بەمەبەستی فشار دروستكردن تاكو ئێران سنوری كۆڵبەرانیش بكاتەوە". 

خوسرەوی جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە هەزاران خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر كاری كۆڵبەرییە كەچی ئێستا ئەو كارەش پەكخراوە، بۆیە كۆڵبەران گرفتی زۆریان بۆ دروستبووە و هەمویان بێكار و كاسبی ماونەتەوە و بە دیار هەواڵی كردنەوەی سنورەكان شەو و ڕۆژ دەكەنەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure