ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ڕێنمایی تایبه‌ت به‌یاسای لێبوردنی گشتی ده‌ردەکات

هەواڵ / کوردستان :: 10/01/2018‌ :: 481‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هه‌ولێر
دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان یاسای لێبوردنی گشتی په‌سه‌ند كرد، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، له‌ دانیشتنێكیدا رێنمایی تایبه‌ت به‌یاساکەی ده‌ركرد.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ی كانونی دووه‌م، رێنمایی تایبه‌تی به‌یاسای لێبوردنی گشتی بڵاوكرده‌وه‌.

به‌پێی نوسراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، ئه‌و رێنماییانه‌ تایبه‌ته‌ به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ حوكمدراون و به‌پێی یاساكه‌ لێبوردن ده‌یانگرێته‌وه‌ یان ده‌بێته‌هۆی كه‌مكردنی سزاكانیان.

به‌پێی رێنماییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، كه‌ كۆپییه‌كی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، لێبوردنی گشتی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌ گرتووخانه‌كانی چاكسازی (گه‌وران و منداڵان و ئافره‌تان)  قوتابخانه‌كانی شیاندنی كچان و كوڕان و هه‌رزه‌كاران حكومدراون، یاخود له‌ قۆناغی ڕاگرتن و گواستنه‌وه‌دان، به‌ڵام پێویسته‌ له‌به‌رده‌م دادگای پسپۆڕو لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ كێشه‌و گرفته‌كان، ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تییان ئه‌نجامدابێت.

به‌پێی رێنماییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، تایبه‌ت به‌ لێبوردنی گشتی، ئه‌و رێككاره‌ یاساییانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كۆتایی ڕاده‌گیرێت له‌سه‌ر ئه‌و تاوانی كوشتن و سه‌رپێچییانه‌ی له‌ حاڵه‌تی لێكۆڵێنه‌وه‌دان، به‌ر له‌ ده‌رچوونی ئه‌و یاسایه‌، جگه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تاوانبارن و هه‌ڵاتوون.

به‌پێی رێنماییه‌كه‌، ئه‌و سزادراوانه‌ی حكومی غیابییان له‌سه‌ر ده‌رچووه‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر خۆیان ڕاده‌ستبكه‌ن ده‌توانن سوود له‌و لێبوردنه‌ وه‌ربگرن به‌پێی ماده‌ی 6ی یاساكه‌.

ڕێنماییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، مافی لێبوردنی گشتی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسییان كردۆته‌ سه‌ر منداڵان، یاخو به‌ ماده‌ی (2) له‌ یاسایی سزادان حكومدراون.

به‌پێی ڕێنماییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم، پێویسته‌ دام و ده‌زگاكانی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ به‌رز بكه‌نه‌وه‌، كه‌ سوود له‌و یاسایه‌ وه‌رده‌گرن.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ڕێگه‌ی به‌ سه‌رۆكی دادگاكان داوه‌، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌یاسای لێبوردنی گشتی، به‌ سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌رێك، كه‌ پله‌كه‌ی له‌جۆری  2 كه‌متر نه‌بێت، ئه‌ندامێتی نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی داد و ناوخۆو كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتیی.

به‌پێی ڕێنماییه‌كه‌، لیژنه‌ی كێشه‌و گرفته‌كان به‌گوێره‌ی یاسا ده‌توانن موماره‌سه‌ی كاره‌كانی خۆیان بكه‌ن له‌نێو دام و ده‌زگا چاكسازییه‌كان و له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت.

رێنماییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری "دادگای هێزه‌كانی سه‌رباز"یش ده‌گرێته‌وه‌ و ئه‌و بڕیارانه‌شی له‌لایه‌ن دادگا سه‌ربازییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، دووباره‌ قابیلی ته‌میزكردنه‌وه‌یه‌.

رۆژی ١٧ی کانونی یەکەمی 2017، پڕۆژه‌یاسای لێبوردنی گشتی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانەوە په‌سه‌ندكرا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure