لەبارەی کشانەوەی هێزێکی دژەتیرۆر لەکەرکوک رونکردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 10/01/2018‌ :: 878‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
چەند دیمەنێکی ڤیدیۆیی لەتوڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت هێزێکی سەربازی بەچەکی قورسەوە لەسەر بازگەی کەیوانی کەرکوک دەکشێنەوە.

سەرچاوەیەک لە دەزگای دژەتیرۆری عیراق لەو بارەیەوە بە دواڕۆژی وت "ئەو هیزەی دوێنێ سێشەممە 9ی کانونی دووەم لەکەرکوک کشاونەتەوە، بریتین لە دوو سریەی هێزی دژەتیرۆری سەر بەفەرماندەیی ناوەڕاستی عێراق".

وتیشی "لە 16 ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەکاتی هاتنەژورەوەی هیزە عێراقییەکان بۆ کەرکوک ئەو هیزەی دژەتیرۆری بەغدا جوڵەی کردووە بۆ سەربازگەی کەیوان، بەمەبەستی پاڵپشتی لە فیرقەی دووی دەزگاکە کە ئیستا مەلەفی ئەمنی شارەکەی لەدەستدایە".

ئەو سەرچاوەیەی دژەتیرۆر ئاماژەی بەوەشدا کە هیزەکانی دژەتیرۆر بەسەر فەرماندەییەکانی باشور، باکور و ناوەراستی عێراق دابەشبوون، لەکاتی پێویستیشدا بۆ پالپشتی لەیەکتر هێز رەوانەی سنوری بەرپرسیارێتی یەکتر دەکەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure