به‌ناوبانگترین كچه‌ چه‌كداری داعش له‌ ڤیدیۆیه‌كدا چەندین نهێنی ئاشکرادەکات

هەواڵ / جیهان :: 09/01/2018‌ :: 2233‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پاش ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین كچه‌ چه‌كداره‌كانی داعش له‌ لایه‌ن یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ به‌ ڕه‌گه‌ز فه‌ڕه‌نسییه‌، له‌ ئێستادا ڤیدیۆییه‌كی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. 

چه‌كداره‌كه‌ ده‌ڵێت "ناوی ئمیلی كۆنیگ-ه‌ و له‌دایكبوونی 1984ی فڕه‌نسایه‌"، ده‌ڵێت "پاش ئه‌وه‌ی پیاوێكی به‌ناو ئیبراهیمی ناسیوه‌ له‌سه‌ره‌تادا له‌ ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌، بڕیاری هاوسه‌رگیرییان داوه‌ و پاش ئه‌وه‌ چووه‌ته‌ سوریا". 

ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات سه‌ره‌تا له‌ پاریسه‌وه‌ چووته‌ ئه‌سته‌مبوڵی توركیا و پاش مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی شه‌وێك له‌وێ، دواتر چووه‌ته‌ غازی عه‌نتاب، دواتر چووته‌ سنوری سوریا بۆ باب سه‌لامه‌ و له‌وێوه‌ چووه‌ته‌ ناو خاكی سوریا. 

ئمیلی ده‌ڵێت "پاش ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ له‌ كه‌مپێكی په‌نابه‌راندا ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری مرۆیی به‌ده‌ستبگات، ده‌ڵێت "یه‌په‌گه‌ به‌تانی و خواردن و جێگه‌ی خه‌و و چاكه‌ت و هه‌موو شتێكی داومه‌تێ". 

ده‌ڵێت" له‌ هه‌ندێك ژنه‌وه‌ بیستوومه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه‌ ده‌گیرێن ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن و لێده‌درێن، به‌ڵام من كاتێك گیرام ته‌نها هه‌ندێك لێكۆڵینه‌وه‌ و پرسیاریان لێكردن و په‌نجه‌مۆر و وێنه‌یان لێوه‌رگرتم، دواتر برامه‌ شێلته‌ره‌وه‌ و هیچ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ك نه‌درام". 

ده‌ڵێت "پاش ئه‌وه‌ی كه‌ پێیانوتم ده‌گوازرێمه‌وه‌ بۆ كه‌مپ، په‌یوه‌ندیم به‌ دایكمه‌وه‌ كرد و له‌ ئه‌شكنجه‌ و هه‌راسانی سێكسی ده‌ترسام، به‌ڵام دواتر نه‌ئه‌شكنجه‌ نه‌درام و هیچم لێنه‌كرا". 

له‌ كۆتایدا وتوویەتی "له‌ زینداندا هیچ شتێكی له‌و جۆره‌م نه‌بینیوه‌، هه‌موو ڕۆژێك خواردن و چا و قاوه‌ و شیر و هه‌رچیمان پێویسته‌ هه‌یه‌، هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ له‌و سیستمه‌ی كه‌ له‌ فڕه‌نسا هه‌مانه‌". 

ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو كه‌ قورسه‌ له‌و دۆخه‌دایه‌، به‌ڵام هه‌موو شته‌كان ئاسایین و ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌په‌گه‌ له‌به‌رامبه‌ری كردوویه‌تی تاوه‌كو ئێستا ته‌نها پرسیار و وه‌ڵام و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ و هیچی دیكه‌. 

وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە