"دوو وەزارەت ئاستەنگ بۆ پاککردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران دروستدەکەن"

هەواڵ / کوردستان :: 09/01/2018‌ :: 524‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەوەیان پێڕاگەیاندوین کە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە ئامادەنین داتا و ناوی راستەقینەی هێزەکانیان بخەنە بەردەست، بۆ ئەوەی لیستی ناوی تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە".


نەجیبە شێخ لەتیف، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9ى كانونى دووه‌مى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند، وەک فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌  کۆبوونەوەمان لەگەڵ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی کوردستان کرد، سەبارەت بە هەنگاو و کارەکانی کۆمسیۆن بۆ پاككردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران کە گومانی زۆری لەسەرە، بەڵام بەداخەوە رێگری هەیە بۆ پاککردنەوەی لیستەکە.

وتیشی "ئەنجومەنی کۆمسیاران ئەوەی ئاشکراکرد کە هەردوو وەزارەتەکانی ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەنین داتا و زانیاری بدەن بە کۆمسیۆن لەبارەی ناوی هێز و یەکەکان و هاوکارنین بۆیە ئێستا گرفت بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران دروستبووە، بۆیە ئاماده‌ییمان نیشاندا کە بەدواداچون بکەین لەڕێی پەرلەمانی کوردستانەوە".

رونیشیکردەوە، ناکرێت هیچ وەزارەتێک بەبێ هۆکار رێگری لەوەبکات داتای راستەقینەی وەزارەتەکەی بدرێتە کۆمسیۆن کە دەزگایەکی رەسمی هەرێمی کوردستانە و بۆ بەرژەوەندی گشتی کاردەکات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure