بۆ به‌دادگا گه‌یاندنى فرۆشیارانى چه‌كى كیمیاوى پرۆژه‌یاسایه‌ك ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مان كرا

هەواڵ / کوردستانی :: 09/01/2018‌ :: 393‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
به‌مه‌به‌ستى به‌ دادگا گه‌یاندنى ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و كۆمپانیایانه‌ى چه‌كى كیمیاوییان به‌ ڕژێمى له‌ناوچووى به‌عس فرۆشتووه‌، ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن گروپى دادوه‌رى كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ پرۆژه‌یاسایه‌ك ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كرا.

 
له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا، لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نوسینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى په‌رله‌مان كۆبووینه‌وه‌ و ئامانجى كۆبونه‌وه‌كه‌شمان ڕاده‌ستكردنى پرۆژه‌یاسایه‌ك بوو به‌ په‌رله‌مان كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ گروپى دادوه‌رى كوردستان ئاماده‌مانكردووه‌، وتیشی "ناوه‌ڕۆكى پرۆژه‌یاساكه‌ ڕه‌هه‌ندێكى یاسایى و سیاسى له‌خۆده‌گرێت".
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پرۆژه‌یاساكه‌مان له‌چه‌ند خاڵێكدا چڕكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ ڕێگه‌گرتن له‌ دووباره‌ ئه‌نجامدانى جینۆساید دژ به‌ گه‌لى كورد، زیندوو كردنه‌وه‌ و به‌رز ڕاگرتنى كه‌یسه‌كانى گه‌لى كورد له‌دادگاكانى عێراقدا، هاوكات هۆكارێك ده‌بێت بۆ به‌دادگاگه‌یاندنى تاوانبارانى كیمیاباران و فرۆشیارانى چه‌كى كیمیایى به‌ڕژێمى له‌ناوچووى به‌عس.
 
سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، یه‌كێكى دیكه‌ له‌ گرنگییه‌كانى ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رجەم ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌گه‌لى كورد كراون دۆکیومێنت ده‌كرێن ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى باشى ده‌بێت بۆ به‌جینۆساید ناساندنى ئه‌و تاوانانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، بۆیه‌ چاوه‌ڕێى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ین ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ تاوتوێ بكه‌ن و به‌گوێره‌ى یاسا كه‌موكورتییه‌كانى چاره‌سه‌ر بكه‌ن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure