هۆشداریی لە کڕینی ئەم جۆرە گۆشتە دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/01/2018‌ :: 1159‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەهۆى سەربڕینیان لە شەقام و کۆڵانەکان، و بەدەر لە ڕێنماییە ڤێترنەرى و تەندروستیەکان، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر گۆشتی سووردا دەگرن و نوێنەرى بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەرى رایدەگەیەنێت گۆشتەکە مەترسی گواستنەوەى نەخۆشیە ئاژەڵییەکانی لێدەکرێت.

دەروێش فەرەج، نوێنەرى بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەرى سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەکان بەدواڕۆژی وت"لەدوو رۆژى رابردوودا، لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە دەست بەسەر چەند ئاژەڵێکی سەربڕاودا گیراوە، کە خاوەنەکانیان بەدەر لە رێنماییە ڤێترنەرى و تەندروستیەکان سەریاندەبڕن و لە شەقام و شارێکان، بەهاوڵاتیانی دەفرۆشن". 

وتیشی "پێشتر و چەند جارێک ئەو گۆشتفرۆشانە ئاگادار کراونەتەوە، کە ئاژەڵەکانیان ببەن بۆ کوشتارگەى سلێمانی لەپاش پشکنین و دڵنیابوونەوە ئاژەڵەکانیان ببڕن، پێشیان وتراوە کە لیژنەکانی قایمقامیەت رێگرى لەو گۆشتفرۆشانە دەکات لەماڵەوە یان لە شەقام و کۆڵانەکان ئاژەڵ سەردەبڕن".

ڕاشیگەیاند، ئەو ئاژەڵانەى لەسەر شەقام و شارێکاندا دەفرۆشرێت، پشکنینان بۆ ئەنجام نەدراوە دوور لە رێنماییەکانیان سەردەبرێن، هەروەها گۆشتەکەى گومانی گواستنەوەى نەخۆشییە هاوبەشەکانى نێوان مرۆڤ و ئاژەڵى لێدەکرێت کە مەترسی بۆسەر تەندروستی بەکارهێنەرانی دروست دەکات". 

نوێنەرى بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەرى سلێمانی، داوا لە هاوڵاتیان دەکات، کە بەرلەکڕینی دڵنیابنەوە لە ئەو مۆرەى بەسەر گۆشتەکەوەیە لە هەبوونی گۆشتی مۆرنەکراو لە دوکانی گۆشتفرۆشەکاندا لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەت ئاگاداربکەنەوە، هەروەها ئەو جۆرە گۆشتە نەکڕن لەشەقام و شاڕێکاندا دەفرۆشرێت.


دەروێش فەرەج ئاماژەى بەئەوەش کرد، بەفەرمانی قایمقامی سلێمانی، ئاژەڵە سەربڕاوەکان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری سلێمانی دەکرێت و ئەو ئامێر و کەلوپەلانەى بۆکارى گۆشتفرۆشتن بەکاردەهێنرێت لەلایەن لیژنەى لەناوبردنەوە لەناوچەى تانجەرۆى شارى سلێمانی لەناودەبرێت، هەروەها خاوەنى ئاژەڵەکانیش رووبەرووى یاسا دەکرێنەوە.




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure