عێراق کارکردنی کۆمپانیایەکی گەورەی هەرێمی کوردستان رادەگرێت

هەواڵ / ئابوری :: 08/01/2018‌ :: 1039‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بڕیاریدا بەدواداچون بۆ داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و کەرکوک بکات، ده‌ڵێت "کۆمپانیای کار_یش راده‌گرێت".


هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "لیژنەی لێکۆڵینەوە لە داهاتی نەوتى هه‌رێم و ئەو کەسانەی فرۆشتویانە و حسابەکانیان لە بانک پێكهێنراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه‌، ئه‌مه‌ش سەرەتایەکی باشه‌ بۆ دژایەتیكردنى گەندەڵی".

ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ ئه‌و كاره‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌بێته‌ هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌روه‌ت و سامانى دزراوى خه‌ڵكى كوردستان، ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنى گۆڕان پشگیرى ده‌كه‌ین".

هۆشیار عه‌بدوڵا، رونیكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بڕیاریداوه‌ كۆمپانیاى كار له‌ هه‌رێمى كوردستان رابگرێت.

هاوكات په‌رله‌مانى عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقى پابه‌ندكردووە به‌ بڕیارى وه‌ستاندنى كاركردنى كۆمپانیاى كارگروپ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانى كه‌ركوك و سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمیش دەڵێت "بڕیاره‌كه‌ له‌جێگه‌ى خۆیدا نییه‌"و ئاماده‌ییشى نیشاندا، كه‌ هه‌موو زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم بده‌ن به‌ به‌غدا.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا په‌له‌مانى عێراق رونیكرۆدته‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانى ووزه‌ و دارایی و یاسایی، ئاماده‌و پێشكه‌شكراوه‌، تیایدا داواكراوه‌، كه‌ كۆمپانیاى سۆمۆ سه‌رپه‌رشتى پرۆسه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بكه‌ن.

نێچیره‌ڤان بارزانی سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند" ئه‌و بڕیاره‌ى په‌رله‌مانى عێراق سه‌باره‌ت به‌ كۆمپانیاى كار له‌ جێى خۆیدا نیه‌.

بازرانى راشیگه‌یاند: ئاماده‌ن كه‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كى به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ى نه‌وت بۆ  حكومه‌ت و په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرا بكه‌ن.

په‌رله‌مان داواشیكردوه‌ كه‌ لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌  له‌ بڕى هه‌نارده‌ى نه‌وت و بانكى ناوه‌ندیش به‌دواداچوون بكات بۆ شوێنى دانانى پاره‌ى فرۆشتنى نه‌وته‌كه‌، ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ و ئه‌و بانكانه‌ى كه‌ پاره‌كه‌یان به‌ناوه‌ دانراوه‌.

به‌یاننامه‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق رونیكردۆته‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ بڕیارێك ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ به‌قاچاخ بردنى نه‌وت و پاره‌كه‌ى.

ئه‌م بڕیاره‌ له‌ كاتێكدا كه‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌م وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق داواى له‌ كۆمپانیاى  نه‌وتى كه‌ركوك كرد، كه‌ به‌ هاوكارى كۆمپانیاى كار ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنان و هه‌ناره‌كردنى نه‌وتى كێڵگه‌كانى ئاڤانا و باى حه‌سه‌ن بكه‌ن، دواى به‌ هۆى روداوه‌كانى كه‌ركوك وه‌ستا.

به‌پێى راپۆرتى گۆشه‌ى ئابوورى له‌ ژوورى توێژینه‌وه‌ى سیاسى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ مانگى كانوونى یه‌كه‌مى 2017، به‌به‌هاى زیاتر 663 ملیۆن دۆلار نه‌وتى هه‌نارده‌ كردووه‌.

هه‌ر به‌پێى راپۆرته‌كه‌، هەناردەكردنى نەوتی هەرێم لەڕێگه‌ی بۆڕی جیهانەوە بۆ مانگی كانوونى یه‌كه‌مى 2017، بریتییه‌ بووه‌ له‌ 9 ملیۆن و چوارسەدو چل هەزار بەرمیل بووه‌.

كۆمپانیای كار، كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ته‌ و له‌ ساڵی 1999 دامه‌زراوه‌، بنكه‌ی سه‌ره‌كی كۆمپانیاكه‌ له‌ هه‌ولێره‌ و لقی له‌ زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بوونی ئۆفیس له‌ توركیا و ئه‌رده‌ن، و بوونی نوێنه‌ر له‌ ئیمارات و ئه‌مریكا. 

كۆمپانیای كار سه‌ره‌تای كاره‌كانی به‌ پڕۆژه‌ی ئه‌ندازیاری و بیناسازی ده‌ستپێكرد، ته‌ركزی كۆمپانیاكه‌ش له‌سه‌ر پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌كانی سێكته‌ری وزه‌ بووه‌ (نه‌وت و گاز و كاره‌با).

له‌ساڵی 2003وه‌ كۆمپانیای كار نزیكه‌ی 2400 پڕۆژه‌ی ئه‌نجامداوه‌ له‌ زۆرێك له‌ پارێزگاكانی عێراقدا بۆ چاكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌وبانه‌كان و دابینكردنی ئاو و  گه‌یاندن و بینیاتنانی قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌. 

وه‌ك به‌شێك له‌ پڕۆژه‌كانی، كار پرۆژه‌ی شاری ئاشتی دروستكردووه‌ كه‌ له‌ 4500 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون پێكدێت له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ شوقه‌ی به‌رز، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ده‌ستیكردووه‌ به‌ دروستكردنی خانوو و مۆڵ و دروستكردنی 13 باڵه‌خانه‌ی به‌رز بۆ بنكه‌ی سه‌ره‌كی كۆمپانیای كار و دروستكردنی پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوونی كار سیتی له‌ دهۆك كه‌ له‌ 1000 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون پێكهاتووه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure