دواكه‌وتنى مووچه‌ چی لەبازاڕ کردووە؟

هەواڵ / ئابوری :: 08/01/2018‌ :: 252‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،زریان محەمەد
بەردەوامی دواکەوتنی موچەو درێژەکێشانی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستاندا چالاكى بازرگانى و بازاڕی سست بووه‌ و فرۆشیارانیش ھیوایان بەباشبونی ڕەوشەکەیە.


ئەکرەم سوارە، خاوەنی فرۆشگاى دانوێڵه‌ لە سلێمانی بەدواڕۆژی وت"بازاڕ و کەسابەتی ئێمە لەگەڵ گیرفانی خەڵکدایە، ھەرکاتێک ئەوکەسەی دێتە بازاڕ، پارەی پێبێت، ئەوا شمەک دەکڕێت و پارە خەرج دەکات و ئێمەش بازاڕمان باش دەبێت".

وتیشی "لەئێستادا بازاڕمان خراپە ڕۆژانە بایی ١٠٠ ھەزار دینار ئەگەر بفرۆشین، لەکاتێکدا پێش قەیرانەکە ڕۆژانە بایی ٣٠٠ ھەزار دینار کاڵامان دەفرۆشت، بۆیە گەر حکومەت پارەنەدات بەموچەخۆران و خەڵک پارەی پێ نەبێت، ئەوا کاری ئێمە خراپتر دەبێت ".

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "بەردەوامی قەیرانی دارایی و بێ موچەی کاری کردۆتە سەر بازاڕ و بازرگانی بازاڕ بەجارێک پەکی کەوتووە لەبەرئەوەی ھاوڵاتیان پارەیان پێ نییە".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "کاری بازاڕ پەیوەستە بە باشبوونی ڕەوشی موچەخۆران ھەرکاتێک موچەبدرێت و دوانەکەوێت، ئەوا بازاڕ جوڵەی باشتر بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لەئێستادا نازانرێت چۆن ڕەوشەکە باشدەکرێت".

جەبار محەمەد، بازرگان لەشاری سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند" ماوەیەکە بازاڕی شاری سلێمانی سست و لاوازبووه‌ و فرۆش زۆر دابەزیوە، ئەوکەسانەی به‌ شت له‌ ئێمه‌ ده‌كڕن ، 
 پێمان دەڵێن، بەھۆی نەبونى پارە لای ھاوڵاتیان، كاڵاوشمه‌ك نافرۆشرێت ".

ڕاشیگەیاند" ئێمەش وەک کاری بازرگانی ھێنانی كاڵاوشمەکمان کەم کردۆتەوە، چونکە فرۆش بەڕێژەی 50% دابەزیوە، بۆیە بەردەوامی قەیرانی دارایی و نەدانی موچە ڕەوشەکە خراپتر دەکات".

قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان تائێستا درێژەی ھەیەو حکومەتی ھەرێم نەیتوانیوە کێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەر بکەن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە