بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ردانى په‌رله‌مان ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/01/2018‌ :: 176‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 8ی کانونی دووەمی 2018 ئه‌ندامانى پێشنیازكراوى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ باره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كۆبونه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى رێگەچاره‌یه‌كى نوێ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى بابه‌تى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا.


سالار محه‌مه‌د، ئه‌ندامی پێشنیاركراوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێك له‌ به‌شداربووانى كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى رێگەچاره‌یه‌كى نوێ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و خستنه‌ سه‌رپێى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، ئه‌مڕۆ جارێكى دیكه‌ كۆبووینه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵى ڕابردووشدا چه‌ندین جار كۆبوونه‌وه‌مان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست كردووه‌، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆى لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا بڕیارماندا كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا سه‌ردانى په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ین بۆئه‌وه‌ى ئه‌وانیش له‌ڕێگه‌ى خۆیانه‌وه‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌، چونكه‌ به‌ گوێره‌ى ئه‌و یاسایه‌ى 5/2/2015 کە له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ تایبه‌تمه‌ندى دراوه‌ به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌ گوێره‌ى ڕێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

ئه‌و كاندیده‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌م ماوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، به‌ڵام ئێمه‌ له‌هه‌وڵه‌كانى خۆمان ڕاناوه‌ستین بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و زیاتر به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنى حكومه‌ت بۆ كه‌مووكورتییه‌كانى ئه‌م شاره‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure