"یه‌كێتى له‌گه‌ڵ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 08/01/2018‌ :: 273‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئاشكرایده‌كات، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێی پارتى و یه‌كێتى له‌ سلێمانى به‌ پارتییان ڕاگه‌یاندووه‌، ده‌كرێ په‌له‌نه‌كرێت له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان و بۆ كاتێكى دیکە دوابخرێت.


ئاسۆ مامه‌ند، ئه‌ندامى مەکتەبی سیاسی یه‌كێتى و یه‌كێك له‌ به‌شداربووه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ 7ی كانونى دووه‌مى پارتى و یه‌كێتى له‌ سلێمانى، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یاندا به‌ پارتییان راگه‌یاندووه‌، ده‌كرێ په‌له‌ نه‌كرێت له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان و بۆكاتێكى تر دوابخرێت، چونكه‌  هێشتا ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان بۆ دوو وه‌رزی‌ تر ته‌مه‌نى ماوه‌".

ناوبراو، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، پارتى و یه‌كێتى بڕیاریانداوه‌ له‌سه‌ر ئاستى شارى كه‌ركوك هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ باره‌ى بارودۆخى كه‌ركوك و هه‌ڵبژاردنى پارێزگارى نوێ، بۆئه‌مه‌ش پارتى پێشنیازى هه‌بووه‌ له‌ باره‌ى كاندیدى یه‌كێتى بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك.

باسی له‌وه‌شكرد، پارتى داواى باشتركردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كردووه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ردوولا قۆناغێكی‌ نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیان ده‌ستپێبكه‌ن، كۆكیشبوون له‌سه‌رئه‌وه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌ یه‌ك لیست به‌شداری‌ بكه‌ن یان كورد یه‌ك لیستی‌ هه‌بێت.

به‌ وته‌ى ئاسۆ مامه‌ند، كۆبوونه‌وه‌كه‌ پشتیوانی‌ حكومه‌تیان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دانوستان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ به‌غدا ئه‌نجامبدرێت، داواشكراوە هه‌رچى زووه‌ دۆخه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاساییبكرێته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure