زانیاری لەسەر کارکردنی پاسی شەوانە لەسلێمانی

هەواڵ / ئابوری :: 07/01/2018‌ :: 3437‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،زریان محەمەد
سه‌ره‌ڕاى ئەوەی بڕیاربوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە، پاسى شه‌وان بۆ گواستنه‌وه‌ى خه‌ڵك لەشەقامەکاندا بوونی ھەبێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو پرۆژەیە وەستاوە.


سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی ئه‌مڕۆ 7ى كانوونى  دووه‌م بەدواڕۆژی وت "دوای ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم و كاردانه‌وه‌كانى حكومه‌تى عێراق،  بارودۆخەکە گۆڕا و ئاستەنگ بۆ کاری کۆمپانیاکە دروستبوو، به‌ڵام کۆمپانیاکە وازی نەھێناوە، بۆماوەیەکی کاتی  پرۆژەکەى وه‌ستاندوه‌".

ڕاشیگەیاند "تائێستا کۆمپانیاکە نەھاتووە بڵێت واز له‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌هێنین، هه‌روه‌ها بڕیاربوو ئێمە لەگەڵیان بچینە دەرەوە بۆ سەیرکردنی جۆری پاسەکان و کوالێتیان، بەڵام بەھۆی داخستی فڕۆکەخانەکانەوە ئەو گه‌شتانه‌ نەکرا".

لای خۆشیەوە جەلال محەمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێران له‌ سلێمانى بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "ئەو پرۆژەیە بۆ شاری سلێمانی زۆر باشبوو، بەڵام لەئێستادا وەستاوە و ناشزانین دەبێت یان نا".

وتیشى "ڕەوشی سیاسی یەکێکە لەو کێشانەی کە دروستبووە لەبەردەم ئەو پرۆژەیەدا ئەگەر بەھەموو لایەک ھەوڵی بۆبدرێت، ئەوا بۆ شاری سلێمانی شتێکی زۆر باشه‌".

دواڕۆژ ھەوڵیدا په‌یوه‌ندیی به‌و کۆمپانیایه‌وه‌ بكات کە بەنیازبوو ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ سلێمانى جێبه‌جێ بكه‌ن، بەڵام بەردەست نەبوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure