هۆشداريی دەربارەی بەکارهێنانی جۆرێک قەترە دەدرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/01/2018‌ :: 1339‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
پزیشکانی پسپۆڕی چاو و پزیشکانی دەرمانساز، هۆشداریی دەدەن لە بەکارهێنانی قەترەی چاوی جۆری (ئینستۆکاین) یاخود (تێتراکاین) کە بەبێ ڕێنمایی پزیشک زیانی گەورەی تا ڕادەی کوێر بوون بە چاوی نەخۆش دەگەیەنێت. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش ڕایدەگەیەنێت، فرۆشتنی قەترەکە لە دەرمانخانەکانی لاکۆڵان و نووسینی لە لەلایەن کارمەندانی تەندروستیەوە بۆ نەخۆش قەدەغەکراوە . 



قەترەکە تایبەتە بە کاتی نەشتەرگەریی چاو، بەڵام لە دەرمانخانەکان بۆ هەموو ئازارێکی چاو بەکاریدەهێنن
زانا ئەمین، پزیشکی دەرمانساز، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، قەترەی (ئینستۆکاین) قەترەیەکی هەستیاری بەنجکەرە، لە کاتی هەندێ نەشتەرگەریی وەک نەشتەرگەری ئاوی سپی چاو یاخود ئاوی ڕەشی چاو بۆ بەنجکردن بۆ ماوەیەکی کورت بەکاردەهێنرێت ئەویش لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕی چاودا، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر لە دەرمانخانەکان بۆ هەموو ئازارێکی چاو دەدرێت بە نەخۆش بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕی چاو، بە تایبەت دەدرێت بە ئەو کەسانەی کاری لەحیم دەکەن یاخود تەنێک دەچێتە چاویانەوە.

ئەو پزیشکە دەرمانسازە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قەترەکە کاریگەریی خراپی دەبێت ئەگەر بەبێ ڕێنمایی پزیشکی چاو یاخود پزیشکی دەرمانساز بەکاربهێنرێت وەک لێڵبینین و جووتبینین و سووربوونەوە و خوران. زۆر کاتش دەبێتە هۆی نەمانی توانای بینین گەر نەخۆش بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاری بهێنێت.

قەترەی (ئینستۆکاین)  تا ڕادەی کوێربوون مەترسیی لەسەر چاو دروست دەکات  
ئەبوبەکر قادر مەنگوڕی، پزیشکی پسپۆڕی چاو، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ڕۆژانە چەندین نەخۆش سەردانیان دەکەن بەهۆی ئەوەی کە بەبێ ڕێنمایی پزیشک قەترەی (ئینستۆکاین)یان بەکارهێناوە و زیان بەر چاویان کەوتووە. بۆ زۆرێکیش لەو نەخۆشانە نەشتەرگەرییان ئەنجامداوە و چارەسەریان بۆ کراوە. بەداخەوە تائێستاش لە بەشێکی زۆر لە دەرمانخانەکان و لەلایەن کارمەندانی تەندروستیەوە ئەو قەترەیە بۆ نەخۆش بەکاردەهێنرێت .

ئەو پزیشکە وتیشی "بەداخەوە نەخۆش کاتێک چاوی ئازاری هەیە بە هەر هۆکارێک بێت بەبێ ڕاوێژی پزیشکی چاو یاخود ڕاوێژی پزیشکی دەرمانساز ڕاستەوخۆ پەنا بۆ ئەو قەترەیە دەبات کە قەترەیەکی بەنجکەرە و بۆ ماوەیک ئازاری چاو کەمدەکاتەوە، بەڵام بەکارهێنانی قەترەكە بە بەردەوامی، زیانی گەورەی هەیە تاڕادەی کوێربوونی نەخۆش، بۆیە پێویستە نەخۆش بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕی چاو ئەو قەترەیە بەکارنەهێنێت.

فرۆشتنی قەترەکە لە دەرمانخانەی لاکۆڵان و نووسینی لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە قەدەغەیە
خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم به دواڕۆژی ڕاگەیاند، قەترەی (ئینستۆکاین) قەترەیەکی هەستیارە بە جۆرێک بەکارهێنانی بەبێ ڕەزامەندیی پزیشکی دەرمانساز یاخود پزیشکی پسپۆڕی چاو، زیانی گەورە بە بینایی نەخۆش دەگەیەنێت، هەر بۆیە بەکارهێنان و نووسینی ئەو قەترەیە، لەلایەن وەزارەتەوە و بە گوێرەی ڕێنمایی پزیشک سنووردارکراوە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی وتیشی "بەهۆی هەستیاریی ئەو قەترەیەوە، هەر کارمەندێکی تەندروستی بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕ بۆ نەخۆشی بنووسێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە