یه‌كێتى و پارتى له‌سلێمانى کۆدەبنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 07/01/2018‌ :: 780‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شاندێكى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى سه‌ردانى یه‌كێتى له‌ سلێمانى بكات و ته‌وه‌رێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌شیان تایبه‌ت ده‌بێت به‌ پرسى ده‌ستنیشانكردنى سه‌رۆكێک بۆ په‌رله‌مانی کوردستان.


وابڕیاره‌ پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 7ى كانونى دووەم، شاندێكى باڵاى پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ پێكهاتوون له‌ جێگرى سه‌رۆكى پارتى و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى، سه‌ردانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى نیشتیمانى كوردستان له‌ سلێمانى بكه‌ن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، شانده‌كه‌ى پارتى له‌سه‌ره‌تادا بۆ به‌خێرهاتنه‌وه‌ سه‌ردانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتی ده‌كه‌ن، دواتریش سه‌ردانى باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ سلێمانى ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

دواڕۆژ، زانیویه‌تى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت، به‌ پرسى ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو و بارودۆخى ناوخۆى هه‌رێم و كێشه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یه‌كێتى هه‌واڵه‌كه‌ى بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، وەفدێكی باڵای پارتی سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبنەوە.

وتیشی "کۆبوونەوەکە لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێم و رووداوە گرنگەکان و پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق و مووچەی هاوڵاتیان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت".

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە قسەکردن دەبێت لەسەر چوونی وەفدی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتیش رێکبکەون لەسەر ئەوەی ئەوانیش چ هەنگاوێک بنێن پێکەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure