كێشه‌ى كه‌ركوك و خورماتوو به‌ڕێككه‌وتنى سیاسى چاره‌سه‌ر ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/01/2018‌ :: 320‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتى رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌منزیكانه‌دا كێشه‌ى كه‌ركوك و دوزخورماتوو، به‌ رێككه‌وتێنێكى سیاسى چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، نوێنه‌رانى خه‌ڵكى شاره‌كه‌ش ئاشكراى ده‌كه‌ن، به‌رپرسانى عێراق، به‌ڵێنى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ئه‌منى شاره‌كه‌یانى پێداون.

مه‌لا هاوار داودى، كه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵكى قه‌زاى دوزخورماتوو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تى تردا سه‌ردانى به‌رپرسانى حكومى و حزبى عێراقیان كرد، له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا وتى "ئه‌م شانده‌ى ئێمه‌ شاندى حزبى نییه‌، به‌ڵكو شاندێكى جه‌ماوه‌ریى خه‌ڵكى دووزه‌، بۆیه‌ سه‌ردانى هه‌ریه‌ك له‌ هادى عامرى و نورى مالیكى و فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار و عه‌مار حه‌كییمان كرد، به‌رپرسانى حكومه‌ت و لایه‌نه‌كان به‌ڵێنى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى دوزخورماتوویان پێداین".

مه‌لا هاوار روونیشیكرده‌وه ‌"له‌ ئاینده‌دا دوو لیواى پاسه‌وانى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارو فه‌وجێكى مغاویرى پارێزگاى سه‌لاحه‌دین دێنه‌ قه‌زاى دوزخورماتوو، دۆسییه‌ى ئه‌منى شار ده‌درێته‌ ئه‌وان".

وتیشى "سه‌رجه‌م پێشێاكارییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبیمان له‌و شاره‌دا داوه‌ته‌ به‌رپرسان، به‌رپرسانیش به‌ڵێنى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان پێداوین".

به‌ختیار شاوێس، په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "دواى ئه‌وه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا شاندێكى خه‌ڵكى دوزخورماتوو هاتنه‌ به‌غدا، چه‌ندین لایه‌نیان بینى، به‌منزیكانه‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كێتى وتیشى "ئه‌و كێشانه‌ كه‌ركوك و خورماتوو و ناوچه‌كانى ترى به‌ڕێكه‌وتنى سیاسى چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure