عێراق بایکۆتی لوتکەی عەرەبی دەکات

هەواڵ / عێراق :: 07/01/2018‌ :: 208‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
بڕیاره‌ له‌ ئازارى داهاتوو لوتكه‌ى عه‌ره‌بى له‌ سعودیه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و بڕیارێكى ئه‌و وڵاته‌ش ده‌رباره‌ى سوریا ئه‌گه‌رى بایكۆتكردنى كۆبونه‌وه‌كه‌ى له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.


بەمەبەستی ئامادەسازی بۆ بەستنی لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە مانگی ئازاری داهاتوو لە ریازی پایتەختی سعودیە ببەسترێت، دیدار و پەیوەندیە تەلەفۆنیەکان لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەستیپێکردوە.

لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری دەرەوەی سعودیە به‌ هاوتا عێراقییه‌كه‌ى راگەیاندوە کە کورسی سوریا لە لوتکەکە بەبەتاڵی دەمێنێتەوە و رژێمی بەشار ئەسەد بانگهێشت ناکرێت، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە لەبەردەم کورسیەکەیدا ئاڵای ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەبری ئاڵای رەسمی ئه‌و وڵاته‌ دادەنرێت .

دوای ئاگادارکردنەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیری عێراق سەبارەت بە بڕیارەکەی سعودیە، عەبادی داوای لە وەزیری دەرەوە کردوە کە بە به‌رپرسانى ریاز رابگەیەنێت ئەگەر بڕیارێکی لەو جۆرە بدەن ئەوا عێراق بایکۆتی کۆبونەوە باڵاکە دەکات.

عێراق سورە لەسەر ئەوەی ئاڵای سوریا کە کۆماری عەرەبی سوری بەسەرۆکایەتی بەشار ئەسەد پشتیپێدەبەستێت دەبێت لە بەردەم کورسی ئه‌و وڵاته‌دا دابنرێت.

وا چاوەڕێ دەکرێت کوێتیش هەمان هەڵوێستی عێراق بنوێنێت، چونکە پێشتر و لە لوتکەی عەرەبی لە کوێت ئەمیری ئه‌و وڵاته‌ رەتیکردەوە ئاڵای ئۆپۆزسیۆنی سوریا دابنرێت.

بەمەش هەڵوێستی عێراق و کوێت لەبارەی لوتکەی عەرەبیەوە رونبۆتەوە، بەڵام هێشتا هەڵوێستی لوبنان ئاشکرانەبووە.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە