لەساڵی ڕابردوودا 105 هاووڵاتی لەهەڵەبجە بوونەتە قوربانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ

هەواڵ / کوردستان :: 06/01/2018‌ :: 193‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بە گوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕوو لە زیاد بوونن، تەنیا لە ساڵی ڕابردووشدا لە ئەنجامی 69 ڕووداوی هاتوچۆ 105 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی، هاوكات زیاتر لە 300 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل دەستیان بەسەردا گیراوە.

سەڵاح عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند، لە ساڵی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 69 رووداوی هاتوچۆ تۆماركراون كە بە هۆیانەوە 94 هاووڵاتی برینداربوون و 11 كەسیش گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لەساڵی ڕابردوودا 307 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل دەستیان بەسەردا گیراوە لەو ژمارەیەش 262 ماتۆڕسكیل و 45 ئۆتۆمبێل كە سەرپێچییان پێكراوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەكانی هاتوچۆ لە سنوورەكەدا بەراورد بە ساڵی 2016 زیادیان كردووە چونكە لەو ساڵەدا 42 ڕووداوی هاتوچۆ تۆماركراون كە 68 كەس بوونە قوربانی بەجۆرێك  57 كەس بریندار بوون و 11 كەسی تریش گیانیان لەدەستداوە، هەر لەساڵی ڕابردوودا دوو هەزار و 173 بەڵگەنامە كە سەرپێچییان پێكراوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لەبەرامبەریشدا 955 مۆڵەتی گشتی و تایبەت دراوە بە هاووڵاتیانی سنوورەكە.

وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی وت "لە ساڵی ڕابردوودا 15 هاووڵاتی بە بێ‌ مۆڵەت شۆفێرییان كردووە و دەستگیركراون ڕووبەڕووی یاسا كراونەتەوە، هەروەها هەزار و 102 هاووڵاتیش  سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجەیان كردووە بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفیری و هەزار و 252 مۆڵەتیش نوێكراونەتەوە هەروەها 70 مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیلیشمان داوە بەهاووڵاتیان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure