هه‌ڵه‌بجه‌: له‌ ساڵى ڕابردوودا زیاتر له‌ 500 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تۆماركراون

هەواڵ / کوردستان :: 05/01/2018‌ :: 304‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ گوێره‌ى ئاماره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ماوه‌ى ساڵى ڕابردوودا 559 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تۆماركراون كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ زیاتر له‌ 500 ملیۆن دینار زیان به‌ ژینگه‌ و سروشتى ناوچه‌كه‌ گه‌یشتووه‌، به‌ به‌راور به‌ ساڵى ڕابردوو تریش حاڵه‌ته‌كانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ زیادیانكردووه‌.
 
نه‌قیب زانیار عومه‌ر، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "له‌ساڵى ڕابردوودا 559 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تۆماركراون له‌و ژماره‌یه‌ش 410 حاڵه‌تییان ئاگركه‌وتنه‌وه‌ بووه‌ له‌ دارستانه‌ سروشتیه‌كان و پوش و پاوانى ناوچه‌كه‌، هاوكات 109 حاڵه‌تیشیان ئاگركه‌وتنه‌وه‌ بوه‌ له‌ دوكان و خانوو و موڵكى ماڵى هاوڵاتیان.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌هۆى روداوى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانى ساڵى ڕابردوو زیاتر له‌ 105 ملیۆن دینار زیان به‌ ژینگه‌ و سروشتى ناوچه‌كه‌ گه‌یشتووه‌، هه‌روه‌ها به‌ به‌راورد به‌ ساڵى 2016 ئامارى ڕووداوه‌كان و حاڵه‌ته‌كانى ئاركه‌وتنه‌وه‌ زۆر زیادیان كردووه‌ به‌ جۆرێك له‌ ساڵى 2016 دا ته‌نها 295 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تۆماركراون، به‌ڵام له‌ ساڵى 2017 به‌رز بوه‌ته‌وه‌ بۆ 559 حاڵه‌ت.
 
وته‌بێژه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ ساڵى ڕابردوودا 475 پشكنینمان بۆ شوێنی بازرگانی و بینای دوكانه‌كان ئه‌نجامداوه‌ به‌ مه‌به‌ستی پێدانی مۆڵه‌تی كاركردن و هه‌بونی مه‌رجی به‌رگری شارستانی، له‌كاتێكدا له‌ ساڵى 2016 ته‌نها 172 پشكنینى له‌و شێوه‌یه‌مان ئه‌نجامدا بوو، بۆیه‌ ئه‌مساڵ پێویستیمان به‌ دامه‌زاندنى چه‌ند كارمه‌ندێك و دابینكردنى چه‌ند ئامارێكى تایبه‌ت به‌ ئاگر كوژاندنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ زیاتر كۆنتڕۆڵكردنى ئاگره‌كان.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure