پڕۆژەیەکی تایبەت بە مافی نەخۆش و پزیشک ئامادەدەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 05/01/2018‌ :: 619‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
ساڵی 2014 پرۆژەیەکی تایبەت بە مافی نەخۆش و پزیشکان لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەکرا، بەڵام بەهۆی داخستنی پەرلەمانەوە پرۆژەکە پەکی کەوت، ئێستا جارێکی لەلایه‌ن لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستانه‌وه‌ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.


زوڵفا مه‌حمود، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "جێگای داخە لە کوردستان نه‌خۆش  كراوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دارایی‌ و حسابێكی‌ گرنگی بۆ نەکراوە، ئه‌مه‌ش بەهۆی نەبوونی سیستمێكی گونجاوەوه‌یه‌، بۆ پاراستنی ماف و ئەرک، بۆیە دەمانەوێت لەڕێگه‌ی ئەم پڕۆژەیەوە مافی نه‌خۆش و پزیشک بە ئەرکەکانیانەوە بپارێزین".

وتیشی"دوای زیاتر لە سێ ساڵ ئەو پرۆژەیە جارێکی تر دەخرێتەوە ناو کۆبوونەوەی ليژنەکان و گفتوگۆی لەسەردەکرێت بۆ ئەوەی راپۆرتی لەسەر ئامادەبکرێت و بکرێتە پرۆژە یاسا، کۆی ئامانجی‌ پڕۆژه‌كەش‌ تەنیا پاراستنی مافی‌ نه‌خۆشه".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئەوەشى خسته‌ڕوو، بەپێی یاساکە مافی نەخۆش و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ و پزیشک دیاریدەکرێت بەجۆرێک هیچ یەکێکیان بێ ماف و ئەرک نابن و دواتریش پڕۆژەکە دەکرێتە کڵێشە و بەکورتکراوەیی وه‌ك ڕێنماییه‌ك له‌كۆی‌ نه‌خۆشخانه‌ و   بنكه‌ ته‌ندروستیه‌كاندا هه‌ڵدەواسرێت.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ دواڕۆژ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه‌ ده‌ستى كه‌وتون، لە پڕۆژەکەدا سەرجەم ماف و ئەرکەکانی پزیشک و نەخۆش دیاریکراون، تیایدا مافی هەردووکیان بەیاسا رێکدەخات و جگە لەوەی ئەرکیشیان بۆ دیاریدەکات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure