ناوه‌ڕۆكى كۆبونه‌وه‌كه‌ى وەفدی حكومەتی هەرێم له‌گه‌ڵ به‌غدا

هەواڵ / کوردستان :: 04/01/2018‌ :: 11951‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئه‌ندامێكى شاندى كوردى بۆ وردبینكردنى له‌ ناوى فه‌رمانبه‌رانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، ئاشكرایده‌كات، لیستى ناوه‌كانیان ڕاده‌ستى حكومه‌تى عێراقى كردووه‌و گه‌شبینن به‌وه‌ى له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا وردبینكردنه‌كه‌ ته‌واوده‌بێت.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ى كانونى دووه‌م، شاندى حكومه‌ت هه‌رێم و به‌غدا له‌ باره‌ى وردبینیكردنى ناوى فه‌رمانبه‌راى هه‌میشه‌یى و گرێبه‌ستى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.

له‌ باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ڤیان جاف، بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان و ئه‌ندامى شاندى كوردى بۆ به‌غدا به‌ دواڕۆژى وت "له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆدا لیستى موچه‌خۆرانى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌یان به‌شێوازى سیستمى وردبینى ڕاده‌ستى شاندى عێراقى كرد، ئه‌وانیش دواى چه‌ند پرسیارێك له‌باره‌ى ناوه‌كان، بڕیاریاندا بۆ وردبینیكردن و هه‌رجۆره‌ پرسیارێك لیژنه‌ى لاوه‌كى ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن".

ئاشكراشیكرد، هیچ واده‌یه‌ك دیارینه‌كراوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى نێوان هه‌ردوولا، به‌ڵام باسیانله‌وه‌كرد دواى كاركردن له‌سه‌ر لیستى ناوه‌كان و ته‌واوكردنى وردبینیكردن و ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه‌و كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووش له‌هه‌ولێر ده‌بێت.

به‌وته‌ى ناوبراو، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ پرسیارى زۆر وردیان له‌لیستى موچه‌خۆرانى هه‌ردوو وه‌زاره‌ت كرد، به‌ شاندى كوردیشیان راگه‌یاندووه‌ لیسته‌كه‌ به‌ وردبینى ئاماده‌كراوه‌و ئه‌وانیش جدین له‌وردبینیكردنه‌كه‌و ده‌یانه‌وێت له‌ماوه‌یه‌كى زۆر كورت كاره‌كه‌یان ته‌واوبكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند لیژنه‌یه‌كى فه‌رعیان هه‌یه‌و له‌ئه‌گه‌رى بوونى تێبینى لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان به‌ به‌رده‌وامى سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كه‌ن.

وتیشى "گه‌شبینم به‌وه‌ى وردبینییه‌كه‌، له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا ته‌واوبێت و موچه‌ى ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ش بنێرن، چونكه‌ ئه‌وان له‌وباره‌یه‌وه‌ زۆر جدى بوون، به‌ڵێنیانداوه‌ دواى ته‌واوبوون ڕاپۆرتى خۆیان بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌رزبكه‌نه‌وه‌".

به‌ پێى ئه‌و داتاو ئامارانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە بریتییە لە 171 هەزار و 750 مامۆستا و فەرمانبەر كە كۆی مووچە و دەڕماڵەیان بەبێ پاشەكەوت بۆ مانگی كانونی دووەمی  2018 دەكاتە (151,600) ملیار دینار، ژمارەی مووچەخۆرانی وەزارەتی تەندروستیش 49 هەزار و 950 فەرمانبەرە، كە كۆی مووچە و دەڕماڵەیان بەبێ پاشەكەوت بۆ مانگی كانونی دووەمی 2018 دەكاتە (49,750) ملیار دینار.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure