سلێمانی: لەماوەی یەک ساڵدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٦٢٢٧ کەس دەرچووە

هەواڵ / کوردستان :: 04/01/2018‌ :: 187‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
پۆلیسی سلێمانی ئاماری یەک ساڵی ڕووداوەکانی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایدەگەیەنێت کە ٤٣٠٤ کەس بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون.


سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەکۆی ٦٢٢٧ فەرمانی دەستگیرکردن ٤٣٠٤ فەرمانی جێبەجێکراوە وە کۆی کوشتن بە ئەنقەست ٢٣ دانە بووە کە ١٦ دانەیان ئاشکرابووە وە ٢٩ ڕووداوی خۆکوشتن ھەبووە کە ئەمساڵ ڕێژەی خۆکوژی زیاتربووە وە رفاندن و ھەوڵی رفاندن ٢٧ دانە بووە و ھەمووی ئاشکرابووە".

راشیگەیاند "١٢٨٤ ھەڕەشەکردن ھەبوە لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە کە ١٢١٧ دانەیان ئاشکرابووە و توانراوە لەڕێگەی یاساوە سزابدرێن".

ئاماژەی بەوەشدا "٤٣٢ چەکی بێ مۆڵەت دەستیان بەسەردا گیراوە، ٦١١ سزای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکان ھەبووە کە ٥٣٥یان جێبەجێکراون".

لەبارەی لەشفرۆشییەوە ئەوەشی وت "٣١ حاڵەتی لەشفرۆشی ھەبووە کە ٢٩ دانەیان بەپێی یاسا چارەسەرکراون".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، لەماوەی ساڵی ٢٠١٧دا ٩١٥ فێڵکردن و دەستبڕین ھەبووە کە ٨٢٦ سزایان جێبەجێکراون".

دەربارەی دزی لە ماڵان ئاشکراشیکرد "٣٢١ حاڵەتی دزیکردن ھەبووە ٢٠٢ دانەیان ئاشکرابوون  کە ١٠ باندی دزیکردن دەستگیرکراون و ٢٩٥ دزیکردنی مۆبایل ھەبووە و ٧٨٥ تۆمەتبار دەستگیرکراون".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure