هه‌ڵه‌بجه‌: 58 حاڵه‌تى هێرشكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌ران تۆماركراون

هەواڵ / کوردستان :: 04/01/2018‌ :: 167‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
وته‌بێژى پۆلیسى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ 4ی کانونی دووەمی 2018 له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئامارى كوشتن و كێشه‌كانى سنوورى پارێزگاكه‌ى بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن خسته‌ڕوو كه‌ به‌گوێره‌ى ئاماره‌كه‌ 58 حاڵه‌تى هێرشكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌ران تۆماركراون.


له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رائید به‌رزان عوسمان، وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، له‌ساڵی 2017 كۆی گشتی كێشه‌كان، دوو هه‌زار و 138 حاڵه‌ت له‌جۆراوجۆری وه‌ك (توندوتیژی دژ به‌ژنان، كوشتن، دزیكردن، رووداوی هاتوچۆ، بێ مۆڵه‌تی شۆفێری، سكاڵا له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسان، خراپ به‌كارهێنانی ئامێری په‌یوه‌ندی، لێدان به‌ئه‌نقه‌ست، چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و هاوسه‌رگیری له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگا) هاوكات 58 حاڵه‌تى هێرشكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌ران تۆماركراون.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌ر له‌ ساڵى ڕابردوودا هه‌شت حاڵه‌تى كوشتن تۆماركراون كه‌ چوار حاڵه‌تیان كوشتنى به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌ كه‌ دوان له‌ كوژراوه‌كان ژنن، هاوكات 13 حاڵه‌تى هه‌وڵى كوشتن و 57 حاڵه‌تى هه‌ڕه‌شه‌كردن تۆماركراون، هه‌روه‌ها  به‌راورد به‌ ساڵى 2016 حاڵه‌ته‌كانى تۆماركردنى كێشه‌ و گرفته‌كان زۆر زیادیانكردووه‌ به‌جۆرێك له‌ ساڵی 2016دا هه‌زار و 563 كێشه‌ تۆماركرابوون، به‌ڵام له‌مساڵدا دوو هه‌زار و 137 حه‌ڵه‌تى جۆراو جۆر تۆماركراون.

وته‌بێژه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "به‌هۆی تۆماركردنى كێشه‌ و سكاڵاكانه‌وه‌ توانیومانە له‌ ساڵى ڕابردوودا  598 تۆمه‌تبار ده‌ستگیربكه‌ین  كه‌ 14یان ژنن، هاوكات هه‌ر له‌ ساڵى ڕابردووشدا توانیمان هێڵی 104 بكه‌ینه‌وه‌  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌پلانی كاركردنی‌ ئه‌مساڵماندا پێویستمان به‌چه‌ند به‌شێك هه‌یه‌،  بیانكه‌ینه‌وه‌ وه‌ك (نه‌هێشتنی تاوان، نه‌وجه‌وانان، بنكه‌ی پۆلیسی زانكۆ، پۆلیسی پاسه‌وانییه‌كان و گرتن و گواستنه‌وه‌)بكه‌ینه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure