هه‌ده‌په‌ هۆكاری خۆكاندیدنه‌كردنه‌وه‌ی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 04/01/2018‌ :: 294‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ئاشكرای ده‌كات كه‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ خۆی بۆ پۆستی هاوسه‌رۆكی حزب هه‌ڵنابژێرێته‌وه‌، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دوو هۆكاره‌وه‌ هه‌یه‌. 


عابد ئیكه‌، نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ی كانونی دووه‌م له‌ لێدوانێكدا به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش خۆی بۆ پۆستی هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ كاندید ناكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش خاڵێكیان په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی هه‌ده‌په‌ هاوسه‌رۆكی حزب ته‌نها دوو جار ده‌توانێت خۆی كاندید بكات له‌ كۆنگره‌ی ئاسایی حزب، به‌ڵام بۆ جاری سێهه‌م ئه‌و مافه‌ی نییه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ جگه‌ له‌وه‌ش ده‌میرتاش به‌ خواستی خۆی كاندیدبوونی ره‌تكردۆته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌ زینداندایه‌ و هێشتا پڕۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ی ته‌واو نه‌بووه‌ و چاره‌نووسی به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ جێگه‌ی ده‌میرتاش هه‌ڤاڵێكی دیكه‌ی هه‌ده‌په‌ ده‌بێته‌ هاوسه‌رۆكی حزب. 

عابد ئیكه‌ ڕونیشیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ده‌په‌ هه‌ردوو ساڵ جارێك كۆنگره‌ی ئاسایی خۆی ده‌به‌ستێت و هاوسه‌رۆك ده‌ستنیشان ده‌كات. 

وتیشی "رۆژی 11ی شوباتی 2018 هه‌ده‌په‌ سێهه‌مین كۆنگره‌ی ئاسایی خۆی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا دەبەستێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure