فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى: ژماره‌ى گه‌شتیاران به‌ رێژه‌ى 7% كه‌میكردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 04/01/2018‌ :: 225‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محه‌مه‌د
فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى ئامارى گه‌شت و چالاكییه‌كانى ساڵى رابردووى بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرایكرد، ژماره‌ى گه‌شتیاران له‌ ساڵى 2017 به‌ به‌راورد به‌ ساڵى پێشوتر به‌رێژه‌ى 7% كه‌میكردووه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ى كانونى دووه‌مى 2018 تاهیر عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، به‌هۆى گه‌مارۆ و بڕیارى به‌غدا له‌باره‌ى راوه‌ستاندنى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێم گه‌شته‌كانى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى كه‌میكردووه‌.

وتیشى "له‌و رووه‌شه‌وه‌ ژماره‌ى گه‌شتیاران كه‌ پێشتر مانگانه‌ له‌نێوان 30 بۆ 40 هه‌زار گه‌شتیار بوو، ئێستا گه‌یشتوه‌ته‌ نێوان حه‌وت بۆ هه‌شت هه‌زار گه‌شتیار به‌تایبه‌ت له‌ سێ مانگى رابردوودا".

تاهیر عه‌بدوڵا رونیشیكرده‌وه‌، تێكڕاى ژماره‌ى گه‌شتیاران له‌ ساڵى 2017 بریتى بووه‌ له‌ زیاتر له‌ 485 هه‌زار گه‌شتیار، كه‌ به‌ به‌راورد به‌ ساڵى پێشووتر به‌ رێژه‌ى 7% كه‌میكردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌كانیشیان به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى رایگه‌یاند، گرێبه‌ستێكیان واژۆكردووه‌ به‌مه‌به‌ستى هێنانى تاقیگه‌یه‌ك كه‌ تیایدا كۆڕ و راهێنانى تایبه‌ت به‌ چاودێرانى ئاسمانى تیا ئه‌نجامده‌درێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ هه‌ردوو رووى ئاسایشى فڕۆكه‌خانه‌ و فراوانكردنى تێرمیناڵ پڕۆژه‌یان هه‌یه‌ و گرێبه‌ستیان واژۆكردووه‌ به‌مه‌به‌ستى باشتركردنى كاره‌كانى فڕۆكه‌خانه‌كه‌.

وتیشی "بڕی ئەو کاڵا و شمه‌كانه‌ى لە گومرگی فڕۆکەخانەوە ھاتووە 36 ھەزار و 500 تۆن کاڵابووە و، 1987 تۆن ھەناردەکراوە و لەماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2017 ھیچ کاڵایەک نەھاتۆتە ناو گومرگی فڕۆکەخانە".

ئاماژەی بەوەشدا "لەناو فڕۆکەخانەی سلێمانی لەماوەی ئەمساڵدا 78 بەڵگەنامەی ساختە دەستی بەسەرداگیراوە و  475 کەسیش سنورداش کراونەتەوە ناو کوردستان و 59 کەس سنورداشی دەرەوەی عێراق کراوەتەوە".

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، لەڕێی فڕۆکەخانەوە 86 ھەزار تۆن گوڵ ھاتۆتە فڕۆکەخانە و تواندراوە 76 ھەزار و 144 سەر رەشەوڵاغ بێتە سلێمانی کە تاکە فڕۆکەخانەین ئاژەڵ دێنێتە ناو ھەرێم".

لەبارەی داھاتی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە وتی "تا کۆتایی مانگی 9ى ساڵى رابردوو زۆر باشبووە، بەڵام لەدوای ئەو کاتەوە زۆر دابەزیوە کە خەرجیمان زیاتر بووە، لەساڵی ٢٠١٧ داھات بۆ ھەر رۆژێک بە تێکڕا ٣٧ ھەزار دۆلار بووە".

دەربارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەش وتی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق لەتوانایدایە ھەرکات بیەوێ بیکاتەوە وەک چۆن ویستی دایخست کە لەئێستادا تا ٢/٢٨ گەشتەکان راگیراوە، ھیواداریشین حکومەتی عێراق چاو بەو بڕیارە بخشێنێتەوە و فڕۆکەخانەکان بکاتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure